رووداو دیجیتاڵ
لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی دەڵێت، دوای سەری ساڵ لیژنە هاوبەشەکەی نێوان یەکێتی و پارتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆی دەکات''، گوتیشی بۆ پێکهێنانی حکومەت، لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان هەردوو حیزبەکەدا هەیە.
چوارشەممە 25-12-2024 دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کۆبوونەوەی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''چەند کۆبوونەوەیەکمان کردووە و بەخۆشحاڵییەوە لێکتێگەیشتنی باش لەنێوان لایەنەکان، بەتایبەتی یەکێتی و پارتی هەبووە.''
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ گوتی ''دەزانین دۆخی ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی زۆر خێرادا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە لە نێوماڵی کورددا کۆدەنگی و یەکڕەنگی دروست بکەین و ئەم ئەرکەش دەکەوێتە سەر شانی براوە یەکەمەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.''
دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، جیا لە کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی دوو کۆبوونەوەیان کردووە، کۆبوونەوەی یەکەم رۆژی 30 مانگی رابردوو لە دەباشان و، کۆبوونەوەی دووەمیش رۆژی 17ـی ئەم مانگە لە پیرمام کرا.
لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی گوتی ''ئێمە بڕوامان بەوە هەیە هەر کاتێک هاوبەشیی راستەقینە لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا هەبووە، کوردستان ئارامی بەخۆیەوە بینیوە، بۆیە وەکو یەکێتی، دەمانەوێت هاوبەشی راستەقینەی دەسەڵات بین، نەوەک بەشدار.''
بەگوێرەى راگەیێندراوی دوایین کۆبوونەوەی نێوانیان، شاندی دانوستاندنکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسیان لە هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و هەردوولا هاوڕابوون بەزووترین کات، کار لەسەر ئامادەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەکی هاوبەش بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی بەرنامەکە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو پێکبهێنن.
دەرباز کۆسرەت دەڵێت ''لیژنەکان پێکهێنراون و خەڵکی تەکنیکی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیشیان تێدایە، لەسەر هێڵن و دوای سەری ساڵ یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن، پاشان لیژنە باڵاکان کۆدەبنەوە.''
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی نێوان شاندی دانوستاندنی یەکێتی و پارتی، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی گوتی، تائێستا باس لە هیچ پۆستێک نەکراوە، ''نە ئێمە باسمان کردووە، نە برادەرانی پارتی. ئێمە بڕوامان بەوە هەیە زۆر شتی دیکە هەن، کە دەبێت لەسەریان رێکبکەوین.''
دەرباز کۆسرەت رەسووڵ گوتی ''ئێمە دەمانەوێت [بۆ پێکهێنانی حکومەت] رێککەوتنێکی سیاسی بکرێت، بەجۆرێک کە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات، کۆتایی بەو دڵەڕاوکێیەی خەڵک و بێمتمانەیی نێوان هێزە سیاسییەکان بهێنێت، هەروەها ئەو قەیرانانە چارەسەر بکات کە لە 10 ساڵی رابردوودا بەرۆکی هەرێمی کوردستانیان گرتووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ