کوردستان
سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو: ئەمساڵ 58 رووداوی خۆکوشتنی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراون
رووداو دیجیتاڵ
ئەمساڵ 29 ژن لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کەسوکاریانەوە کوژراون؛ 89 ژنیش لەلایەن حکومەتەوە گیراون، ئەوە بەگوێرەی سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو.
ئەرسەلان یارئەحمەدی، سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئەمڕۆ (شەممە، 25-11-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە 181 رووداوی کوشتن، خۆکوشتن، دەستگیرکردن و تووندوتیژی دژی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراون.
ئەرسەلان یارئەحمەدی گوتی، 29 ژن بە بیانووی جیاواز لە لایەن کەسوکاریانەوە کوژراون، بە جۆرێک 13ـیان بە پاساوی شەرەف بووە و 16ـەکەی دیکەش بە بیانووی جۆراوجۆری وەکو کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی.
گرتنی ژنان
بەگوێرەی ئەو ئامارەی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە رووداوی داوە، ئەمساڵ 89 ژن بەهۆی چالاکیی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگییەوە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیراون. لەو 89 ژنە 19ـیان لە دادگە کەیسەکەیان یەکلایی کراوەتەوە و سزای زیندانییان لە سێ مانگەوە تاوەکو 10 ساڵ بەسەردا سەپێندراوە.
لەنێو سزادراوەکاندا ژنێک بە ناوی نەسیم نەمازی هەیە کە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە و ژنێکی دیکەش بە ناوی پەریا کەریم عەدنانی بە لێدانی قامچی سزادراوە. نەسیم لە خۆپێشاندانەکانی دوای مەرگی ژینا ئەمینیدا بەشداریی کردبوو.
خۆکوشتنی ژنان
سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، ئەمساڵ 58 رووداوی خۆکوشتنی ژنان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمارکراون کە نزیکەی 50٪ـیان تەمەنیان لە خوار 18 ساڵ بووە.
هەنگاو، رێکخراوێکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤە کە ئامارەکانی پەیوەست بە پێشلکاریی مافەکانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەردەگرێت، کۆدەکاتەوە و بڵاودەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ