رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیستی بەرەی گەل دەڵێت، "تەونی ئەو پیلان و دژایەتیانەی دژ" بە حیزبەکەی چێندراوبوون بێ سازش بۆ هیچ لایەنێک، تێیانپەڕاندووە.
ئەمڕۆ هەینی، 25-10-2024، لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لە پەڕەی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، لەگەڵ بەربژێرەکانی حیزبەکەی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەتەوە و ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان تاوتوێ کردووە.
سەرۆکی بەرەی گەل دەڵێت: "دڵخۆشبووم بەوەی هەموویان پڕ ئیرادە و پڕ ورە بوون، شانازیم پێوە کردن کاتێک بینیم دڵسۆزی و هۆشیاری و رۆحی بەرپرسیارێتیان هێندە بەرزە کە هیچ پیلان و دیزانێکی پێشوەختە لە خزمەتی بەرەی گەل و پشتیوانی بەرەی گەل ساردیان ناکاتەوە".
بەرەی گەل ئەم ساڵ بۆ یەکەم لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداری کرد، کە لە 20-10-2024 بەڕێوەچوو، بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی کۆمیسیۆن، دوو کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە.
لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت، بە بەربژێرەکانی حیزبەکەی گوتووە: "هەمووتان خاوەنی بەرەی گەلن و بەرپرسیار و سەرکردەن لەم هێزە سیاسییە نوێیەدا".
دوای ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردن، 22ـی ئەم مانگە، بەرەی گەل، کۆمەڵی دادگەری، یەکگرتووی ئیسلامیی و رەوتی هەڵوێست لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا لە سلێمانی ئەنجامی هەڵبژاردنیان رەتکردەوە و رایانگەیاند، "بەڵگەی زۆر و بەهێزمان هەیە کە پێشێلکاری و ساختەکردن هەبووە و دەنگە راستەقینەکانمان وەرنەگرتووەتەوە".
لە راگەیێندراوەکەی ئەمڕۆیدا لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاندووە: "بەرەی گەل لە هەموو پیلانێک گەورەترە و نەیارەکانمان لەهەموو کەس باشتر قەبارەی جەماوەری و سەنگی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ئێمە دەزانن".
سەرۆکی بەرەی گەل ئاماژەی بەوە دەکات، لەگەڵ بەربژێرەکانیدا گفتوگۆیان لەبارەی هەڵبژاردن کردووە. دەشڵێت: "تەونی ئەو پیلان و دژایەتیانەی کە دژ بە بەرەی گەل چنرابوون و بە پشتیوانی خوای گەورە و خەڵک بێ ئەوەی سازش و تەنازول بۆ هیچ لایەنێکی دەرەکی و نێوخۆیی بکەین سەربەرزانە تێمان پەڕاند. ئێمە هاتووین بەرەی گەل بین، نەک بەرەی ساختەکاری و پاشکۆیەتی".
لەکۆتاییدا لاهوور شێخ جەنگی دەڵێت: "هەموان جەختمان لەوە کردەوە؛ رێگاکەمان گوڵ رێژ نییە و نەفەسی بەردەوامیمان درێژە و ئیرادەشمان لە هەموو کات پتەوترە بۆ بەگژداچونوەوەی ستەمکاری و گەندەڵی و خۆسەپێنی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ