رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، دوو سکاڵاى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان لەبارەى بانگەشەى پێشوەختى هەڵبژاردن رەتدەکاتەوە، بەهۆی ئەوەى "بەڵگەى پێویست لەبەردەست نەبووە."
بڕیارەکانى کۆمیسیۆن رۆژی چوارشەممە، 25ى ئەیلوولى 2024 دەرکراون و پەیوەندیدار بوون بە دوو سکاڵاى رێگەپێدراوانى یاسایی یەکێتیی نیشتمانیى کوردستانەوە.
یەکێک لەو سکاڵایانەى رەتکراوەتەوە 23ى ئەیلوول لەلایەن شاسوار عەتا، رێگەپێدراوى یاسایی یەکێتى لەدژى لیستى هەڵوێست پێشکێش کراوە و لە بڕیارەکەدا هاتووە کە سکاڵاکە رەتکراوەتەوە، بەهۆى ئەوەى بەڵگەى پێویست بەردەست نەبووە.
بە گوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو، ئەو سکاڵایە تایبەت بووە بە هەڵواسینى لۆگۆیەکى رەوتى هەڵوێست لە شوێنێکى شاری سلێمانی، بەر لەوەى بانگەشە دەست پێبکات و لادراوە.
سکاڵاى دووەمیان هەمان رۆژ کەمال رەزاق، رێگەپێدراوى یاسایی یەکێتى لە نوسینگەى هەولێرى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان پێشکێش کراوە و هۆکارى رەتکردنەوەکەى نەبوونى بەڵگەى پێویست بووە.
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو ئەو سکاڵایە پەیوەندار بووە بەوەى گوایە لە قوتابخانەیەک داواى کارتى دەنگدان لە مامۆستایان کراوە.
رۆژی چوارشەممە، 25ى ئەیلوول یەکەم رۆژى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بوو، کە تاوەکو 15ى تشرینى یەکەم بەردەوام دەبێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "زۆربەى ئەو سکاڵایانەى بەر لە دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردن پێشکێش کراون تایبەت بوون بە دەستپێکردنى بانگەشەى پێشوەخت."
هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان لە 20ـی تشرینى یەکەم دەکرێت، 136 لیست و1191 بەربژێرى لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان رکابەریى دەکەن بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسی پەرلەمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ