گەنجێکی ئێزدی دوای 11 ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا دیپۆرت دەکرێت و لە هەولێر گیان لەدەستدەدات

28-08-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
A+ A-

رووداو ئەڵمانیا

گەنجێکی خەڵکی کۆمەڵگەی شاریای قەزای سێمێلی سنووری پارێزگای دهۆک، بەبێ ئاگاداری دایک و باوکی لە ئەڵمانیاوە دیپۆرت کرایەوە و چەند کاژێرێک دوای گەیشتنی لە هەولێر گیانی لەدەستدا. جۆنی تەمەن 27 ساڵ، لە ساڵی 2012 گەیشتبووە ئەڵمانیا و داوای مافی پەنابەریی کردبوو.
 
جۆن سەعدی فارس سلۆ، لە 13ی نیسانی ساڵی 1996 لە کۆمەڵگەی شاریای سەر بە پارێزگای دهۆک لەدایکبوو؛ منداڵی دووەمی دایک و باوکێکی کوردی ئێزدی بوو. ئێوارەی رۆژی 10ی ئاب، پەیوەندی بە باوکی جۆنەوە کرا و پێیگوترا کوڕەکەی لە شاری هەولێر بە مردوویی دۆزراوەتەوە. سەعدی تاوەکو کاتی ئەو پەیوەندییە وای زانیبوو کوڕەکەی هەر لە شاری ئاشافنبۆرگی ئەڵمانیایە.هەربۆیە رۆژی 11-8-2023 سەعدی لەگەڵ شەمۆی برای، کە ئەویش نیشتەجێی ئەڵمانیایە، چوونە ئاشانفبۆرگ و لە هەواڵی جۆنیان پرسی. کارمەندانی ئەو کامپەی پێشتر جۆن تێیدا دەمایەوە، رێگەیان بە سەعدی نەدا بچێتە نێو کامپەکە و پێیان گوت، چەند رۆژێک پێشتر جۆن "دیپۆرتی عێراق کراوەتەوە."
 
جۆن بە ناچاری لە خێزانەکەی جیاببووەوە
 
ساڵی 2010 سەعدی فارس لەگەڵ منداڵەکانیدا چووە تورکیا و دواتریش خۆیان گەیاندە یۆنان، بەڵام ئەوە تەنیا قۆناخی یەکەم بوو لەو گەشتەیان بۆ ئەوەی پێکەوە دەست بە ژیانێکی نوێ بکەن. سەعدی لەکاتی گێڕانەوەی چیرۆکی خەمناکی کوڕەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، گوتی، "ماوەیەکی کەم دوای گەیشتنم بە یۆنان، دەرفەتم بۆ رەخسا بگەمە ئەڵمانیا، بەڵام ناچاربووم سێ منداڵەکەم لە یۆنان بەجێبهێڵم. جۆن یەکێک بوو لەوان". جۆن لە ساڵی 2012 توانیبووی خۆی بگەیێنێتە ئەڵمانیا دوای دەربازبوون و مانەوە لە سێ وڵاتی دیکەی یەکێتی ئەوروپادا.
 
باوکی جۆن لە درێژەی قسەکانیدا بۆ رووداو گوتی "دوای دەردەسەرییەکی زۆر، ساڵی 2012 جۆن گەیشتە ئەڵمانیا. هەموومان پێکەوە لە کامپێک لە شاری ئاشافنبۆرگ نیشتەجێکراین. پێنج ساڵ چاوەڕێی وەڵامی داواکاریی تایبەت بە مافی پەنابەریمان کرد؛ بە ئێمە درا، بەڵام بە جۆن نەدرا. ئێمە ناچاربووین لە کامپ دەربچین و جۆن لەوێ بە تەنیا بمێنێتەوە. چاوەڕێبووین ئەویش زوو کەیسەکەی چارەسەربێت و بێتە لامان. چەند ساڵێک تێپەڕین و داوکارییەکەی هەر رەتکرایەوە و نەمانتوانی بیگوازینەوە لای خۆمان. ئێمە لە نزیک شاری کوێلن نیشتەجێ بووین."
 
جۆن بە مردوویی لە هەولێر دۆزرایەوە
 
بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە 10ی ئابی 2023 پۆلیسی هەولێر پەیوەندی بە هەندێک لە کاربەدەستانی کوردی ئێزدی نێو دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستانەوە کرد و دواتریش پەیوەندی بە موختاری گوندی سینای سەر بە کۆمەڵگەی شاریاوە کردووە و هەواڵی مردنی جۆنیان پێداون.
 
سعود مستۆ، نوێنەری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە، 27-8-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "جۆن رۆژی سێشەممەی 8ـی ئاب لە ئەڵمانیاوە گەڕێنراوەتەوە هەولێر و دوو رۆژ دواتر واتە رۆژی پێنجشەممە10 ی ئابی 2023  تەرمەکەی دۆزراوەتەوە."
 
سعود مستۆ دەڵێت، بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس و شایەتەکان کە بە وانیان گوتووە، جۆن دوای گەیشتنی بە هەولێر چووەتە ژێر پردی ئەکرەم مەنتک لە نزیک یاریگەی نێودەوڵەتیی فەرەنسۆ هەریری و لەوێ ماوەتەوە و تەنانەت شەویش نەچووەتە هۆتێل؛ گوتیشی "جۆن بە کارتۆن شوێنێکی بۆخۆی لەژێر پردەکە دروستکردبوو. ئەوانەی بینیویانە دەڵێن: زۆر بێدەنگ و لەسەرخۆ بووە."
نوێنەری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، رۆژی 10ی ئاب هەر لەژێر ئەو پردە تەرمی جۆن دۆزراوەتەوە؛ گوتیشی "هیچ شوێنەوارێکی گولـلە یان چەقۆ و ئەشکەنجەدان بە گیانی جۆنەوە نەبووە."
 
هەمان رۆژ موختاری گوندی سینای سەر بە ناحیەی فایدیەی قەزای سێمێل لە دهۆکەوە لەگەڵ هەندێک لە کەسایەتییەکانی دیکەی گوندەکە چوونە هەولێر و تەرمی جۆنیان وەرگرتەوە و هەمان رۆژ تەرمی جۆن بەبێ ئامادەبوونی باوک، دایک، خوشک و براکانی لە گۆڕستانی شەمسێ پیرا لە کۆمەڵگەی شاریا بەخاک سپێردرا.
 
هەر لەو بارەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە لە پۆلیسی هەولێر، رۆژی یەکشەممە، 27ی ئابی 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "تەرمی ئەو گەنجە هیچ شوێنەوارێکی ئەشکەنجە و برینداربوونی پێوە نەبوو؛ بۆیە لە پۆلیسی تاوانەوە دۆسیەکەی بۆ بنکەیەکی پۆلیس گوێزرایەوە و تەرمەکەی رەوانەی دادپزیشکی کرا."
 
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، بەگوێرەی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی ئەوان، مردنی گەنجەکە تاوانکاری نەبووە و بە مردنێکی "ئاسایی" گیانی لەدەستداوە.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، دادپزیشکی هەولێر توێکارییان بۆ تەرمەکە کردووە و لە ئەنجامە سەرەتاییەکاندا گوتوویانە "پێدەچێت مردنی ئاسایی بووبێت"، بەڵام هەفتەیەکی دیکە ئەنجامی کۆتایی توێکارییەکە یەکلایی دەبێتەوە و لە هۆکاری مردنەکە دڵنیا دەبنەوە.

 

جۆن بۆچی دیپۆرت کرایەوە؟
 
شەمۆ فارس مامی جۆنە و ئەندازیارە و دانیشتووی ئەڵمانیایە و کەسێکی زۆر هێمنە، بە رووداوی گوت "حکومەتی ئەڵمانیا بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکەی، جۆنی دیپۆرت کردووەتەوە. مردنە لەناکاوەکەیشی خەمێکی قووڵتری بۆ ئـێمە دروستکردووە."
 
شەمۆ فارس درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی "هیچ شتێک لەبارەی دیپۆرتکردنەوەکە دیار نییە. تەواوی دیپۆرتکردنەکە روون نییە. بۆ هەولێر یان بۆ بەغدا دیپۆرتکراوە؟ نازانین چ رۆژێک دیپۆرت کراوەتەوە. ئەگەر دایک و باوکی ئاگاداری دیپۆرتکردنەوەکە بوونایە، هەر هیچ نەبێت، کەسێکیان رادەسپارد بۆ ئەوەی پێشوازی لە جۆن بکات و بیباتەوە شاریا."
 
ئەم پرسیارانە و هۆکاری گیان لەدەستدانی جۆن لە مێشک و خەیاڵی دایک و باوکی دەرناچن و گلەییەکی زۆریان لەو بەرپرسانەی ئەڵمانیایە کە بەوشێوەیە بڕیاری دیپۆرتکردنەوەی جۆنیان داوە. هەرچەندە بەپێی یاسای ئەڵمانیا، جۆن چونکە کەسێکی تەمەن 27 ساڵە دەتوانرێت بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ دایک و باوکی هەڵسوکەوتی لەگەڵ بکرێت. 
 
خێزانی جۆن چاوەڕێی راپۆرتی دادپزیشکی هەولێر دەکەن بۆ ئەوەی لە ئەڵمانیا پارێزەرێک راسپێرن و وەک خۆیان دەڵێن بە دوای "غەدر" لێکردنەکەی کوڕەکەیان بکەوێت لە ئەڵمانیا.
 
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا جۆن داوای پەنابەرێتی لە هیچ وڵاتێکی دیکە کردبوو، سەعدی فارس، باوکی جۆن بە رووداوی گوت "جۆن لە یۆنان، بوولگاریا و فەرەنسا پەنجەمۆری لێ وەرگیرابوو. لەبەرئەوەش بوو مافی مانەوەی لە ئەڵمانیا پێنەدرا."
لەبارەی ژیانی کوڕەکەی لەو ماوەیەی لە ئەڵمانیا بوو، سەعدی گوتی "دەروونی ماندوو بوو. هەستمان بەوە نەکرد کە هیچ نەخۆشییەکی هەبووبێت. ماوەیەک چووە کۆرسی زمان. کەسێکی کۆمەڵایەتی بوو و پەیوەندی باشی لەگەڵ دەوروبەری هەبوو."
 
باوکی جۆن نەیشاردەوە کە کوڕەکەی پەراوی لێکۆڵینەوەی لای پۆلیسی شارەکە هەبوو و لەبارەی هۆکارەکەیشی، سەعدی بە رووداوی گوت "گەنجن و لە کامپ بمێنن، تووشی شتی جیاواز دەبن."
 
ماوەیەکە حکومەتی ئەڵمانیا هەوڵەکانی چڕکردوونەتەوە بە مەبەستی ناردنەوەی ئەو پەناخوازانەی داوای وەرگرتنی مافی مانەوەیان رەتکراوەتەوە. بەپێی بەدواداچوونی رووداو لە ئەڵمانیا، ئەو کەسانەی سەرپێچی یاساییان زۆر بووبێت و سزایان بەسەردا سەپێندرابێت، رەوانەی عێراق و هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، بەڵام ئەو کەسانەی پەنجەمۆریان لە وڵاتێکی دیکە هەبووبێت، بۆ ئەو وڵاتە دەگەڕێنرێنەوە نەک وڵاتی ئەسڵیی خۆیان. 
 
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە وەڵامی رووداودا سەبارەت بەو پەناخوازانەی هەڵگری وڵاتینامەی عێراقین دەڵێت، 31 هەزار هاووڵاتیی عێراقی لەو وڵاتەدا دەژین کە دەبێ وڵاتەکە بەجێبێڵن، لەوانە 28 هەزار کەس کە داواکارییەکانیان رەتکراوەتەوە؛ دەشڵێت، "256 پەناخوازی عێراقی لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دیپۆرتکراونەتەوە کە 42 لەوان نێردراونەتەوە بۆ عێراق."
 
جۆن دوای 13 ساڵ لە دەرچوونی لە کۆمەڵگەی شاریا بەرەو ئەوروپا، چانس یاوەری نەبوو جارێکی دیکە بە زیندوویی زێدی باوک و باپیرانی ببێنێتەوە و، بەبێدەنگی و بەبێ ماڵئاوایی لە  دایک و باوکی، دڵی لە لێدان وەستا.
 
جۆن دوای 13 ساڵ لە دەرچوونی لە کۆمەڵگەی شاریا بەرەو ئەوروپا، مافی مانەوەی پێنەدرا و دیپۆرتکرایەوە و لە تەمەنی 27 ساڵی دا، تەرمەکەی لە هەرێمی کوردستان نێژرا. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.