رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژە ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی زاویتە لە سنووری پارێزگای دهۆک کەوتووەتەوە و تاوەکو ئێستاش بەشێکی ئاگرەکە کۆنترۆڵنەکراوە. بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک دەڵێت، بەشێک لە ئاگرەکە بە "ئەنقەست" لە دارستانەکان بەردراوە. پەیامنێری رووداویش دەڵێت، زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی سووتاوە.
کاوە سەبری، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک لە کاتی بەشدارییکردنی لە بوولەتەنێکی هەواڵەکانی رووداو، گوتی "هۆکاری ئاگری دارستانەکانی زاوێتە بەشێکی سرووشتییە و بەشێکی دیکەیشی بە ئەنقەست ئاگری تێبەردراوە، بەهۆیەوە چەندین داری سرووشتی سووتاون و زیانەکانیش زۆرن و بەهیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە."
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی دهۆک دەشڵێت، "ئاگرەکە لەدەست دەرچووە و ناتوانین بە ئاسانی کۆنترۆڵی بکەین، هەندێک شوێن بەهۆی ئەوەی مینی زۆری لێیە ناتوانین تیمەکانمان بنێرین."
زاویتە بە دووری 10 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری دهۆک و لەسەر رێگەی دهۆک - ئامێدی هەڵکەوتووە و ناوچەکە پڕیەتی لە داری جۆراوجۆری سرووشتی.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە دهۆک و لە نزیک ئاگرەکە راگەیاند، سێ رۆژە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام بەهۆی زۆری ئاگرەکە ناتوانن بە ئاسانی کۆنترۆڵی بکەن.
"لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە چوار مین تەقینەوە"
کاروان عابد، کارمەندی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە بەیانییەوە سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەین و ئەمڕۆ لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکە چوار مین تەقینەوە."
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە تاوەکو ئێستا سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەن، ئەو کارمەندە دەشڵێت "ئێمە بەردەوام دەبین تاوەکو ئاگرەکە بە تەواوی کۆنترۆڵ دەکرێت، بەڵام ئاگرەکە زۆر گەورەیە و رەنگە بە ئاسانی کۆنترۆڵ نەکرێت."
لە دارستانەکە داری بەڕوو، مازوو، قەزوان و گۆیژ زۆرن، ئەیوب نەسری گوتیشی "تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، پۆلیسی دارستان و پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە بە هێلیکۆپتەر و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن."
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی دارستانەکە سووتاوە و دەشڵێت "جگە لە سووتانی دارستانەکانی زاوێتە لە رۆژانی جەژنیشدا چەند شوێنێکی دیکە ئاگریان گرتووە و لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی کۆنترۆڵکراوە."
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، رەنگە ئەمساڵ نزیکەی 15 بۆ 20 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای دهۆک بەهۆی ئاگرکەوتنەوەی سرووشتی و شەڕی پەکەکە و تورکیا سووتابن. ئاماژە بەوەش دەدات، تاوەکو ئێستا نازانرێت هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە چییە و چۆن کەوتووەتەوە. دەشڵێت " هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و هەموو کارمەندانی ئاگرکوژێنەوەش سەلامەتن."
لە کوژاندنەوەی دارستانەکانی سنووری شارۆچکەی زاویتە 12 بنکەی بەرگریی شارستانیی دهۆک، دوو فڕۆکە، 12 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و 65 کارمەندی بەرگریی شارستانی بەشدارن.


