رووداو ديجيتاڵ
وەزارەتى پەروەردەى عێراق بڕیارى داخستن و تێکەڵکردنى هەشت قوتابخانەى خوێندنى کوردی لە خانەقین هەڵوەشاندەوە، کە لەسەر بنەماى راسپاردەیەکى دەستەى دەستپاکى بە بیانووى کەمیی قوتابی داخرابوون.
بەگوێرەى نووسراوێک کە عەلى سعوود، بەڕێوەبەرى گشتىی بەڕێوەبەرایەتیى خوێندنى گشتى لە وەزارەتى پەروەردەى عێراق ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتیى گشتىی خوێندنى کوردى لەو وەزارەتە کردووە، ئاماژەى بەوە داوە، وەزیرى پەروەردە رەزامەندى داوە بەوەى قوتابخانەکانى خوێندنى کوردى لە خانەقین بەدەر بکرێن لە تێکەڵکردن، کە لەسەر بنەماى نووسراوێکى دەستەى دەستپاکى ئەو رێکارە گیرابووەبەر.
لە نووسراوەکەدا هاتووە کە هەڵوەشاندنەوەى ئەو بڕیارە بەهۆى ئەوەیە کە ئەو ناوچانە لە سنوورى مادەى 140ى دەستووردان.
سروە محەممەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق کە بەر لە هەشت مانگ نووسراوى بۆ رێگرى لە داخستنى ئەو قوتابخانانە کردبوو، بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەمڕۆ پێنجشەممە (8ى تشرینى یەکەم) دەقى بڕیارى وەزارەتى پەروەردە بۆ هەڵوەشاندنەوەى داخستنى ئەو قوتابخانانە دەگاتە پەروەردەى دیالە و کارى پێ دەکرێت و قوتابخانەکان دەکرێنەوە و ئەم ساڵ خوێندنیان تێدا دەبێت".
دەستەى دەستپاکى لە ساڵی 2025 راسپاردەیەکى کردبوو بۆ ئەوەى ئەو قوتابخانانەی قوتابییان کەمە، لەگەڵ قوتابخانەی دیکە تێکەڵ بکرێن، ئەوەش بە بیانووى کەمکردنەوەى خەرجى و میلاک، هەندێک لەو قوتابخانە کوردیانەى خانەقین تێکەڵ بە قوتابخانەى خوێندنى عەرەبى کرابوون.
زهوور خودابەخش، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بەگوێرەى ئەو رێکارانەى کە لەسەر بنەماى راسپاردەى دەستەى دەستپاکى گیرابوونەبەر، لە کۆى 23 قوتابخانەى خوێندنى کوردى، هەشتیان بۆ ئەم ساڵ کە سەرەتایین داخرابوون و تێکەڵ کرابوون".
بەگوێرەى یاسای ژمارە 30ی ساڵی 1978 کە تایبەتە بە قوتابخانە سەرەتاییەکان، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، نابێت هیچ پۆلێک لە 15 قوتابی کەمتر بێت، ئەگەر قوتابخانەیەک هەبێت کە ژمارەی قوتابییەکانی کەمتر بێت لە 15 قوتابی و نەیانتوانی بچنە قوتابخانەیەکی نزیکتر، یەکلاییکردنەوەی بۆ ئەنجوومەنی پەروەردەی پارێزگایەک بەجێدەهێڵدرێ. هەروەها یاساکە رێگەی داوە لە شوێنە دوورەدەستەکان قوتابخانە هەبێت کە یەک مامۆستای هەبێت، ئەو یاسایە پاڵپشتى رێگرى لە داخستنى قوتابخانە کوردییەکان کردووە.
زهوور خودابەخش گوتى: "ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ پەروەردەى دیالە لەسەر ئەو بابەتە کۆدەبینەوە و رۆژى یەکشەممەى داهاتوو (11ى تشرینى یەکەم) سەردانى خانەقین دەکەم بۆ دووبارە کردنەوەى قوتابخانەکان".
بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، لە سنووری خانەقین 23 قوتابخانەی کوردی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عێراق هەن؛ 16ـیان سەرەتایین، بە تێکڕا نزیکەی سێ هەزار قوتابییان هەیە، شەش قوتابخانەیان کەمتر لە 15 قوتابییان هەیە.




