كچێك لەلایەن ئامۆزاكەیەوە دەكوژرێ‌

25-06-2019
عومەر چاوشین
نیشانەکردن پشدەر
A+ A-
رووداو- پشدەر

(س) توند باوەشی بە باوكیدا كردبوو بۆ ئەوەی لە ئاگری ئەو شەڕە دووری بخاتەوە كە لەسەر پارچە زەوییەك لە نێوان باوكی و ئامۆزاكەی خۆیدا هەڵگیرسابوو، كەچی لەو كاتەدا گوللەیەك بەر خۆی دەكەوێت و دەبێتە تاكە قوربانیی شەڕەكە.

ئێوارەی رۆژی 12/6/2019 لە ناحیەی هەڵشۆی سەر بە قەزای پشدەر، كچێكی تەمەن 25 ساڵ بەناوی (س.مەحموود حەسەن) لە شەڕی نێوان باوكی و ئامۆزایەكیدا كوژرا. پۆلیس دەڵێت شەڕەكە لەسەر پارچە زەوییەكی بچووك بووە.

رائید شۆڕش ئیسماعیل، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە (رووداو)ی راگەیاند: "ئەو شەڕەی ناحیەی هەڵشۆ كە رۆژی 19ی ئەم مانگە روویداوە، لە نێوان مام و برازایەك بووە. كەسێك بەناوی (ه.ع.ح) كە خێزاندارە و باوكی چوار منداڵە، تەقەی لە ماڵی مامێكی خۆی كردووە، بەو هۆیەوە كچی مامی بەركەوتووە و كوژراوە".

سەبارەت بە هۆكاری شەڕەكە، رائید ئیسماعیل گوتی: "شەڕەكە لەسەر پارچە زەوییەكی بچووك بووە كە لە بنەڕەتدا شوێنی نیشتەجێبوونە، بەڵام كردوویانە بە كشتوكاڵ، بە گوتەی خۆیان یەكێكیان سنووری زەویی ئەوی دیكەیانی بەزاندووە، لەسەر ئەمە بووەتە شەڕیان".

بە گوتەی رائید شۆڕش، شەش سەعات دوای رووداوەكە پۆلیس توانیویەتی بكوژی ئەو كچە دەستگیر بكات. دانی بە تاوانەكەشیدا ناوە، بۆیە بەپێی مادە 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دۆسیەی بۆ كراوەتەوە. وەكو پۆلیس گوتی، باوكی تەقەكەرەكەش دەستگیركراوە، چونكە ئەو كێشەیەی لەسەر زەوییەكە دروستبووە بەهۆی ئەو بووە، بەڵام پێدەچێ‌ بە كەفالەت ئازاد بكرێ‌.

سەرچاوەیەك لە ناحیەی هەڵشۆ كە ئاگاداری رووداوەیەكە و نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت ئەو دوو برایە چەند ساڵێكە لەسەر مەسەلەی زەوی و میرات كێشە كەوتووەتە نێوانیان، كێشەكەیان چارەسەر نەكردووە، بۆیە بەردەوام ساردییەك لە نێوانیاندا هەبوو.

سەرچاوەكە باسی ساتەوەختی رووداوەكەی كرد و گوتی: "دوای نیوەڕۆی ئەو رۆژە باوكی كچە كوژراوەكە بەنزیك زەوی تەقەكەرەكەدا دەڕوات، باوكی كچەكە بە برازاكەی دەڵێت بۆ سنووری زەوییەكەی منت بەزاندووە؟ لەسەر ئەمە دەبێتە دەمەقاڵەیان. ئێوارە كە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، لەلایەن برازاكەیەوە تەقە لە ماڵەكەی دەكرێ‌".

وەك ئەو سەرچاوەیە باسیكرد، باوكی (س) لەو كاتەدا ویستبووی بچێتە دەرەوە، بەڵام (س) توند باوەشی پێدا دەكات و لێی دەپاڕێتەوە كە نەچێتە دەرەوە. لەو كاتەدا فیشەكێك بەر كچەكە خۆی دەكەوێ‌ و هەر لەوێ‌ گیانی دەردەچێ. پاشان پۆلیس و ئاسایش دەگەنە شوێنی رووداوەكە.

شوان، برای (ه) دەڵێت، ئەو كاتەی شەڕەكە بووە، ئەو لەگەڵ باوكی لە قەڵادزێ‌ بووە. شوان پشتڕاستی كردەوە كە براكەی كێشەی لەگەڵ مامی هەبووە، كێشەكەشیان لەسەر پارچە زەوییەكە و 10 ساڵە بە چارەسەرنەكراوی لە نێوانیاندا ماوەتەوە، ئەو دەڵێت: "زەوییەكە ئەوەی نەدەهێنا خوێنی لەسەر بڕژێ‌".

شوان هیچ بەرگرییەك لە براكەی ناكات و دەڵێت: "براكەم كەسێكی توند بوو، زوو هەڵدەچوو. كێشەكەشی لەگەڵ مامم لەسەر پارچە زەوییەكە بوو. زەوییەكە پێشتر خانووی لەسەر كرابوو، براكەم پاكی كردبووەوە و كردبووی بە كشتوكاڵ. ئەو رۆژە لەسەر زەوییەكە لەگەڵ مامم بووەتە كێشەیان، پاشان براكەم تەقەی لە ماڵی مامم كردووە".

شوان زۆر نیگەرانە بە لەدەستدانی ئامۆزاكەی و دەڵێت: "خۆزگە ئەو گوللەیە بەر من كەوتبایە، بەس ئەو هیچی بەسەر نەهاتبایە". 

شوان دەڵێت ئەو رووداوە نەبووەتە هۆی تێكچوونی پەیوەندییان لەگەڵ ماڵی مامی، ئەوانیش بەشدارییان لە پرسەی كچەكەدا كردووە. ماڵی مامیشی تەنیا سكاڵایان لەسەر (ه) هەیە و هیچ كێشەیان لەگەڵ ئەوانی دیكە نییە.

مەلا عەبدولڕەحیم رەسوڵ كە پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی گەورەی هەڵشۆیە، ئاگاداری كێشەی نێوان ئەو دوو كەسەیە و دەڵێت: "ئەو زەوییە كە زۆر كەمە دەمێكە كێشەی لەسەرە، باوكیان پێش ئەوەی بمرێ‌ وەسیەتی كردووە و زەوییەكەی داوە بە باوكی تەقەكەرەكە، واژۆی هەردوولا و شایەتحاڵەكانیش لەسەر وەسیەتەیەكە، ماوەیەك كێشەكە كۆتایی هات، بەڵام بەهۆی بەدحاڵیبوونەوە سەریهەڵدایەوە".

مەلا عەبدولڕەحیم ئاماژەی بەوەدا كە خەڵكی ئاواییەكە نەیانهێشتووە لەوە زیاتر خوێن بڕژێ‌ و هەر دوای ناشتنی تەرمی (س) قسەیان لەگەڵ باوكی كردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ براكەی ئاشت ببێتەوە. ئەویش بە قسەی كردوون و سكاڵای لەسەر براكەی كشاندووەتەوە و ئێستا تەنیا سكاڵای لەسەر برازاكەی هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە