مافی مانەوەی سوورییاییەکان لە هەرێمی کوردستان نوێ ناکرێتەوە

26-05-2024
هەڵەبجە سەعدوون
"دەبێت مافی مانەوەکەت هەڵوەشێنییەوە و لە هەرێمی کوردستان بچیتە دەرەوە"
"دەبێت مافی مانەوەکەت هەڵوەشێنییەوە و لە هەرێمی کوردستان بچیتە دەرەوە"
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەنەس، هاووڵاتییەکی خەڵکی دیمەشقی پایتەختی سووریایە و نیشتەجێی هەولێرە، بە بڕیارێک خەریکە ماندووبوونی چەندین ساڵی بەفیڕۆ دەڕوات.
 
زیاتر لە نۆ ساڵە ئەنەس کاری بازرگانیی گشتی لە هەرێمی کوردستان دەکات. پێش دوو مانگ و دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا ڤیزەدان بە هەڵگرانی پاسپۆرتی سووری رابگرێت، ئەنەس تووشی کێشەی نوێکردنەوەی مافی مانەوە بووە و رەنگە ئەنجامی کاری چەند ساڵەی، بەفیڕۆ بڕوات.
  
ئەنەس حومسی، هاووڵاتی سووریی دانیشتووی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "کاتێک ویستم مافی مانەوەکەم نوێ بکەمەوە، پارێزەرەکەم پێی گوتم، دەبێت مافی مانەوەکەت هەڵوەشێنییەوە و لە هەرێمی کوردستان بچیتە دەرەوە، پاشان دووبارە بە ڤیزا بگەڕێیتەوە، وەکو کەسێک کە یەکەمجارە دێتە هەرێمی کوردستان. لەکاتێکدا ئێستا ڤیزا بۆ خەڵکی سووریا نییە، ئێمە ناتوانین لێرە بڕۆین و ناشتوانین بگەڕێینەوە، هیوادارین حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو کێشەیە چارەسەر بکات." 
 
مادەی شەش لە یاسای ژمارە 26ـی ساڵی 2006ـی یاسای رەگەزنامەی عێراقی دەڵێ "هەرکەسێک بیانی بێت، دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر مانەوەی لەنێو خاکی عێراق، مافی خۆیەتی ببێتە خاوەن ناسنامەی عێراقی."
 
بەگوتەی پارێزەرەکەی ئەنەس "بەڵام عێراق ئەم یاسایە جێبەجێ ناکات و تەنیا بەڵێننامەیەک بەو کەسە دەدات بۆ ئەوەی داوای ناسنامەی عێراقی نەکات، بەڵام ئێستا ئەوەش وەستێنراوە." 
 
رێکان عەزیز، پارێزەری ئەنەس دەڵێ نووسینگەکەی پڕە لە پاسپۆرتی بیانی "بەتایبەتی ئەوانەی سووری و زەرەرمەندانی ئەو بڕیارەش کۆمپانیاکانی تایبەت بە وەرگرتنی مافی مانەوەن.
 
هاتنی خەڵکی سووریا بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە دەڤەری شام، حومس و لازقییە و حەلەب لە ساڵی 2018ـەوە زیاد بووە، زۆربەی ئەو کەسانەش گەنجن و بەهۆی خراپیی رەوشی ئابووریی سووریا، روویانکردووەتە هەرێمی کوردستان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نێجیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خێزانی عەمید فەرهاد دەکات

نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە خانەوادەی عەمید فەرهاد دەکات

نێجیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەرەخۆشی لە خانەوادەی جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: "هاوسۆز و هاوخەمیانم".