رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی گۆڕان دەڵێت، شاندێكی دەم پارتی و دەبەپە سەردانی مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕانیان كرد و داوایان کرد بۆ پڕۆسەی ئاشتی پاڵپشتیکار بن.
رۆژی سێشەممە، 25ـی ئاداری 2025، جوانڕۆ محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "شاندێکی دەم پارتی و دەبەپە سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانیان لە سلێمانی کرد و لەلایەن دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕانەوە پێشوازییان لێکرا".
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت: "بزووتنەوەی گۆڕان بۆ جەژنی نەورۆز سەردانی ئامەدی کرد و ئەمڕۆش شاندێکی دەم پارتی و دەبەپە بۆ سوپاسکردن سەردانیان کردین. شاندەکە داوایان کرد ئێمە وەک حیزبێکی سیاسی لە بابەتی پڕۆسەی ئاشتییدا رۆڵمان هەبێت و پشتگیرییان بکەین، روونکردنەوە بۆ خەڵکی خۆمان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی بدەین کە پەیوەندی بە چارەنووسی کوردی باکووری کوردستانەوە هەیە بۆ ئەوەی کوردی باشوور پشتگیرییان بکات".
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، شاندەکە سەردانی لایەنەکانی دیکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ