رووداو دیجیتاڵ
ژمارەی پێویست لە پەرلەمانتارانی عێراق لە دانیشتنی ئەمشەوی پەرلەماندا ئامادەنەبوون کە بڕگەی یەکەمی تایبەت بوو بە دەنگدان بە بەپارێزگابوونی هەڵەبجە.
بەگوێرەی خشتەی کاری پەرلەمانی عێراق، بڕیاربوو کاژێر 08:00ـی شەوی سێشەممە، دانیشتنی پەرلەمان بەڕێوەبچێت و بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکە دەنگدان بوو لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە. پەرلەمانتارێک دەڵێت، دانیشتنەکە بۆ سبەی دواخراوە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو جار زەنگی چوونە ژوورەوە لە پەرلەمان لێدرا، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی ژمارەی پێویستی پەرلەمانتاران، دانیشتن دەستی پێنەکرد و بەهەمان خشتەوە بۆ سبەی چوارشەممە دواخرا."
چرۆ حەمەشەریف دەڵێت، نزیکەی 140 پەرلەمانتار ئامادەبوون و رێژەی یاسایی تەواونەکرا.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە: "بەشێک لە پەرلەمانتاران بەهۆی یارییەکەی نێوان عێراق و فەلەستین ئامادەی دانیشتنەکەی پەرلەمان نەبوون."
یاریی نێوان عێراق و فەلەستین لە پاڵاوتنەکانی تایبەت بە گەیشتن بە جامی جیهانی ساڵی داهاتوو لە ئوردن بەڕێوەچوو و فەلەستین بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک یارییەکەی بردەوە.
ناساندنی هەڵەبجە وەک پارێزگا لە ساڵی 2014دا
هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان وەک چوارەم پارێزگا لە 13-03-2014ـەوە ناسێندراوە.
هەوڵەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە سەرەتای ساڵی 2013 لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئێستای هەرێمی کوردستان دەستیانپێکرد، بەڵام ناکۆکییەکانی سوننە و هەندێک هۆکاری دیکە رێگربوون لە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە لە پەرلەمانی عێراق.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەنگاوەکانی بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە نەوەستا و لە دانیشتنی رۆژی 13-03-2014ی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی بڕیاری بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە درا.
نووسراوی نێچیرڤان بارزانی بۆ نووری مالیکی تایبەت بە بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە
24ـی کانوونی یەکەمی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکرابوو، بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد.
نێچیرڤان بارزانی لە نووسراوەکەدا داوای کرد هەڵەبجە وەک پارێزگای ژمارە 19ی عێراق بناسێندرێت.
هاوپێچ لەگەڵ نووسراوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی دەقی رەشنووسی پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجەی بۆ نووری مالیکی نارد.
ژمارە:12034
رێککەوت: 24-12-2013
دەوڵەتی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵی بەڕێز نووری مالیکی
سڵاوێکی گەرم
هاوپێچ دوای نووسراومان ژمارە 7692 لە 7-8-2013 تایبەت بە هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە وەک پارێزگای 19ەیەمین لە چوارچێوەی سنووری کارگێڕیی کۆماری عێراق بە گوێرەی ئەو پاڵپشتییە یاساییانەی لە نووسراوی ئاماژەبۆکراوی سەرەوەدا هاتووە، هەروەها بە ئاماژەدان بە نووسراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی فیدراڵیی ژمارە 10211 لە 2-9-2013 لەبارەی پێویستیی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسایەکی تایبەت بۆ هێنانەکایەی ئەو پارێزگایە، لەم نامەیەدا هاوپێچ کۆپییەکی رەشنووسە یاساکەتان بۆ دەنێرین کە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمەوە ئامادەکراوە. بفەرموون ئەوەی پێویستە جێبەجێی بکەن بۆ پەسندکردنی ئەم رەشنووسە و رەوانەکردنی بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی یاساکە پێش کۆتایی ئەم خولە پەرلەمانییەی ئێستا.
هاوپێچ: دەقی رەشنووسی پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق
نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق زوو لەبارەی نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە
تەنیا هەفتەیەک دوای نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی و لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2013دا ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری ژمارە 568ـی ساڵی 2013ی بە دوو خاڵ بڵاوکردەوە و یەکێکیان رەزامەندیدان بوو لەسەر نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا.
دەقی نووسراوەکەی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق:
کۆماری عێراق
ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران
بڕیار
ئەنجوومەنی وەزیران
ژمارە 568 ساڵی 2013
ئەنجوومەنی وەزیران لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 54دا کە لە رۆژی 31-12-2013 گرێدرا، ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
یەکەم: رەزامەندی دەربڕین لەسەر پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجە لە کۆماری عێراق و رەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەران بە پشتبەستن بە ئەحکامەکانی هەردوو مادەی(61/ بەندی یەکەم و 80/ بەندی دووەم) لە دەستوور، دوای وەرگرتنی سنووری کارگێڕی پارێزگای ئاماژەبۆکراو.
دووەم: راسپاردنی نووسینگەی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پارێزگاکان بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆخی ئەو قەزایانەی داواکارییان پێشکێش کردووە کە بکرێنە پارێزگا کە دۆخی دانیشتووان و جوگرافیان رێگەیان پێدەدات ببنە پارێزگای نوێ، و لێکۆڵینەوە پێشکێش بکرێت بە ئەمیندارێتی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەستی ئەنجوومەنی وەزیران لە یەکێک لە دانیشتنەکانی داهاتوویدا.
عەلی موحسین ئیسماعیل
ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران بە وەکالەت
31-12-2013
رەشنووسی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە چی لەخۆدەگرێت؟
لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەدا هاتووە، بە پشتبەستن بە حوکمەکانی بەندی یەکەمی مادەی 61 لە دەستووری کۆماری عێراق، پڕۆژە یاساکە بەم جۆرەیە:
مادەی یەکەم: پارێزگایەک بەناوی پارێزگای هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان - عێراق دروست دەکرێت بۆئەوەی ببێتە پارێزگای ژمارە 19 لە کۆماری عێراق؛ سەنتەرەکەی قەزای هەڵەبجە دەبێت.
مادەی دووەم: دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان - عێراق، سنوور و یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکە دیاری بکات.
مادەی سێیەم: پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان، حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
مادەی چوارەم: ئەم یاسایە لە رێککەوتی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی 'وەقائیعی عێراقی' کاری پێدەکرێت.
هۆکارەکانی دەرچوواندنی رەشنووسەکە:
لەو رەشنووسەی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە کە ساڵی 2013 حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی کردووە، هاتووە: "بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەهۆی فراوانبوونی گەورەی ئاوەدانی و دانیشتووانی شاری هەڵەبجە، هەروەها بەهۆی ئەو قوربانییە گەورەیەی خەڵکەکەی داویەتی و ئەو زیانە دارایی و مرۆیی و ژینگەییەی بەسەریدا هاتووە لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی لەلایەن رژێمی لەنێوچوو لە ئاداری ساڵی 1998ـدا بە چەکی کیمیایی قەدەخەکراو، هەروەها بۆ پشتیوانیکردنی ئەو پێگە جیهانییەی هەیەتی، بەهۆی ئەو قوربانییانەوە، ئەم رەشنووسە پەسندکرا".
هەوڵەکان بۆ بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە ساڵی 2023
پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە عێراق نزیکەی 10 ساڵ وەستێندرا تاوەکو لە 13ی ئاداری 2023دا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی رەشنووسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسند کرد و ناردییەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری.
دوو خوێندنەوە بۆ رەشنووسی پڕۆژەیاساکە کرا، بەڵام بە گەیشتنی بە قۆناخی دەنگدان، پەکی کەوت.
شەوی رابردوو، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە فەیسبووک بڵاوی کردەوە: "ئێستا بە سوپاسەوە رەزامەندیی بەڕێزان سەرۆکی پەرلەمان و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانم وەرگرت بۆ ئەوەی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ دانیشتنی سبەی."
هەمان شەو، پەرلەمانی عێراق خشتەی کاری دانیشتنی رۆژی سێشەممە 25-3-2025ی خۆی بڵاوکردەوە و دەنگدان لەسەر بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەدا دانرابوو.
پارێزگاکە لە دوو قەزا و سێ ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و قەزای خورماڵ، ناحیەکانی بیارە، بەمۆ و سیروان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ