رووداو - هەولێر
لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک و چەند ناوچەیەکی دیکە مامۆستایان و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و بەشێک لە فەرمانبەران خۆپیشاندان و گردبوونەوە ئەنجامدەدەن و داوای مووچەی بێ پاشەکەوت دەکەن.
دوێنێ شەممە 24ی ئادار، بۆ یەکەمجار لە شاری هەولێر ئەنجوومەنی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی مووچە لەلایەن کۆمەڵێک مامۆستا و پزیشک و فەرمانبەر و خانەنشین راگەیێندرا، ئەمڕۆش گردبوونەوەیەکی فراوانیان لەبەردەم پارکی شاندەرد رێکخست. لە گردبوونەوەکە گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو و دەگوترێت سێ کەس بەسووکی برینداربوونە.
هەر لە هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە .بەشێک لە فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی نانەکەلی و، بەشێک لە فەرمانبەرانی نەخۆشخانەی جمهوری بایکۆتیان راگەیاند
لە شارەکانی سلێمانی، هەڵبجە، پێنجوێن، رانیە، گەرمیان و چەند شوێنێکی دیکەش مامۆستایان و بەشێک لە پزیشك و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەران بایکۆتیان راگەیاندووە و ناوەناوە گردبوونەوە رێکدەخەن. ئێستاش لە شەقامی سالم و بەردەم نەخۆشخانەی فریاکەوتن خۆپیشاندانە.
مەریوان عومەر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوودا تاڕادەیەكی باش رەوشی خوێندن لە پەروەردەكانی سنووری سلێمانی ئاسایی ببووەوە، بەڵام دوای پشووەكانی نەورۆز بایکۆت دەستیپێكردووەتەوە. گوتیشی "بەهۆی پێنەدانی مووچەی تەواو لە ئەمڕۆ یەكشەممەوە دووبارە بایكۆت لە ناوەندەكانی خوێندن راگەیێندرایەوە و دیاریش نییە كەی دەشكێندرێت".
گوتەبێژی پەروەردەی سلێمانی باسی لەوەش كرد کە تەنیا قوتابیانی پۆلەکانی 9 بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی دەوام دەكەن، بەڵام لە هەموو ناوەندەكانی خوێندن نا.

هەروەها گردبوونەوە و بایکۆت گەیشتە سنووری پارێزگای دهۆکیش و ئەمڕۆ مامۆستایان گردبوونەوەیەکی فراوانیان رێکسخت.



خۆپیشاندانی کەلار



داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح




