رووداو دیجیتاڵ
لە خورماتوو فەرمانگەی دەرهێنانی پاسپۆرت دەکرێتەوە و پارێزگاری سەلاحەدین داوای تەرخانکردنی پارچەیەک زەوی لە وەزیری ناوخۆی عێراق دەکات.
کاوە شێخانی، راوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین، ئەمڕۆ سێشەممە، 25-02-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا خەڵکی خورماتوو بۆ دەرهێنان و نوێکردنەوەی پاسپۆرت دەچنە شاری تکریت-ی ناوەندی پارێزگای سەلاحەدین، ئەوەش بارگرانیی بۆ دانیشتووانی قەزاکە دروستکردووە، بۆیە بڕیارە فەرمانگەی دەرهێنانی پاسپۆرت لە خورماتوو بکرێتەوە.
رۆژی 11ـی ئەم مانگە، بەدر مەحموود فەحل، پارێزگاری سەلاحەدین نووسراوی بۆ عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە بۆ رەزامەندی لەسەر تەرخانکردنی پارچە زەوییەک کە خاوەندارێتییەکەی بۆ وەزارەتی ناوخۆ دەگەڕێتەوە لە قەزای خورماتوو، بۆ دروستکردنی باڵەخانەی بەشی پاسپۆرت لە قەزاکە دا، بەڵام هێشتا رەزامەندییەکە نەگەڕاوەتەوە.
کەریم شوکر، نوێنەری قەزای خورماتوو لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی گوت، کردنەوەی فەرمانگەی پاسپۆرت لە قەزای خورماتوو هەنگاوێکی گرنگە.
کەریم شوکر ئاماژەی بەوەشکرد، "دوو ساڵ لەمەوبەر بە نووسراوی فەرمی داوای کردنەوەی بەشی پاسپۆرتی لە قەزاکە لە وەزیری ناوخۆی عێراق کردووە."
قەزای خورماتوو یەکێکە لە ناوچە دابڕێندراوەکانی باشووری کوردستان و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە. لە رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەردا بەشێکی زۆری خانووی هاونیشتمانیان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە سووتێندران و تەقێندرانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ