رووداو دیجیتاڵ
لە باکووری کوردستان، سەرەڕای سەختیی ژیان و قورسیی ئاستەنگەکان، هێشتا هیوایەک بۆ ئاشتی لەگەڵ تورکیا بوونی هەیە. پاش 26 ساڵ لە زیندانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی دەستیپێکردووە. رووداو لە ئامەدەوە تاوەکو عەمارا، زێدی لەدایکبوونی ئۆجەلان، چیرۆکی ئەم هەوڵە نوێیە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕێکی چەندین دەیە دەگێڕێتەوە.
هیڤیدار ئەحمەد، پێشکێشکاری بەرنامەی 'هێشتا ماویەتی'، چووەتە ئامەد. کاتێک گەیشتە ئەوێ، لە مەیدانی شێخ سەعیدی پیران، بەسەر دیمەنێکی پڕ لە هێزی ئەمنیدا کەوت. ئامادەکاری دەکران بۆ خۆپێشاندانێکی گەورەی کورد، بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لەسەر تێپەڕبوونی 26 ساڵ لە زیندانیکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
ئامەد: شارێک لە نێوان خۆپێشاندان و ئاشتیدا
هیڤیدار، دوو دایکی کورد دەبینێت کە بیروڕای جیاوازیان لەسەر پرۆسەی ئاشتی هەیە. دایکی ئاشتی گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئاشتین، لەگەڵ برایەتین، لەگەڵ ئەوەین هەر نەتەوەیەک ئیدارەی ناوچەی خۆی بدات." بەڵام دایکی شیرین رایگەیاند: "نا من لەگەڵ شەڕم، ئەوەندە دەڵێین ئاشتی و ئاشتی هیچی لێ شین نەبوو."
لەو خۆپێشاندانە کە پەیامی "بژی گەلی کورد" و "بژی ئاشتی" تێیدا دەگوترایەوە، حکومەت لەڕێگەی نیشاندانی هێزێکی ئەمنیی زۆرەوە، ویستی پەیام بگەیێنێت: یان کورد دەبێ نەخشەی دەوڵەت بۆ چەکدانان قبووڵ بکات، یان ئەوەتا هێزی چەک لە مەیدان هەر دەمێنێتەوە.
وێستگەی کۆڵانەکانی سوور: ماندوویی لە شەڕ
لە کۆڵانەکانی سووری ئامەد، کەسێک بە هیڤیداری گوت، "شەڕ و کوشتن هەموو لایەکی لە تورکیا ماندوو کردووە." زۆربەی کوردی باکوور ماندوو دیارن. شەڕ و هەژاری تەنگی پێ هەڵچنیون. زۆربەیان دەخوازن دەرگایەکی نوێ و بێ شەڕ بەڕووی کێشەی کورد دا بکرێتەوە.
حەیدەر، پیاوێکی بەتەمەنە، ئەو دەڵێت، "کەس لە شەڕدا براوە نییە، لە شەڕدا هەموو لایەن دۆڕاوە، کاتی ئەوەیە هەموومان بە برایەتی بژین و پێکەوە بین."
سیداد سورمەلی، هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت، "من بەناوی کورد بڕیار بدەم، ئاشتی رادەگەیێنم و شەڕ بەسە، ئێمە لە شەڕدا تواینەوە".
گوندی عەمارا؛ چاوپێکەوتن لەگەڵ مێژوو
بۆ ئەوەی بزانن پرۆسەی ئاشتی بەڕاستی هەیە یان لە چ قۆناخێکدایە، هیڤیدار و تیمەکەی سێ کاژێر و نیو رێگا دەبڕن بەرەو پارێزگای رووها و دەچنە گوندی عەمارا، شوێنی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان. لەوێ محەممەد ئۆجەلان، برای عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان بینی، ئەو بە سەر و سیما زۆر لە براکەی دەچێت. 74 ساڵە لەو گوندە دەژی و تاوەکو ئێستا زۆرترین دیداری لەگەڵ براکەی لە گرتووخانەی ئیمرالی کردووە.
محەممەد بە رووداوی گوت، "ئەم پرۆسەیە تاوەکو ئێستا هیچ ناوێکی نییە. ئۆجەلان گۆڕاوە، پێشتر جیاوازبوو، بەڵام لە نێوەڕاستی نەوەدەکانەوە تاوەکو ئێستا تەنیا مەبەستی ئاشتییە."
نەخشەڕێگەی ئاشتی: پەیامەکانی ئۆجەلان
پەیامەکەی ئۆجەلان کە لە 16 و 17ـی شوباتی 2025 گەیشتە سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، مەسرور بارزانی، بافڵ تاڵەبانی و قەندیل، باسی نەخشەڕێگەی پرۆسەی ئاشتی دەکات لە تورکیا، بەم هەنگاوانە:
- عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە کۆتایی ئەم مانگە یان لە سەرەتای مانگی ئادار پەیامێک پێشکێش دەکات
- لە پەیامەکەدا داوا دەکات پەکەکە چەک دابنێن
- قەندیل لەڕێگەی کۆنگرەیەکی حیزبی پاڵپشتی پەیامەکەی ئۆجەلان دەکات.
- هەنگاوی دووەم؛ گەریلاکان کە ناویان لە لیستی تورکیادا نییە دەگەڕێنەوە
- ئۆجەلان هەر لە ئیمڕالی لە گرتووخانە دێتە دەرێ و لە خانوویەکی تایبەتدا دەژیت و رێگای گەیشتن بە ئۆجەلان ئاسانتر دەبێت
- ئیدی پەکەکە دەبێ تەنیا خەباتی مەدەنی بکات
بەرپرسانی حزبی و حکومی: "دوا چانسی ئاشتی"
عومەر ئیلەرم، بەرپرسی یەکەمی ئاکپارتی لە ئامەد دەڵێت: "کورد لە تورکیا لەپێش هاتنی ئەردۆغان و دوای هاتنی ئەردۆغان زۆر جیاوازە و پرۆسەی ئاشتی هەر کە ناویان هێناوە خۆی لە خۆیدا 50٪ چووەتە پێش."
محەممەد موفید، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە ئەنقەرە بە کوردییەکی رەوان گوتی: "مەلەفی ئاشتی لەسەر مێزە و مەلەفێکی ئاسان نییە، بۆیە ئەمە دوا چانسە، دەبێ دەستی پێوە بگرین."
دەرئەنجام: ئاشتی یان پشوویەک لەنێوان دوو شەڕدا؟
لە مەیدانی کزڵایی لە جەرگەی ئەنقەرە، کوردەکان خۆپیشاندانیان کرد و گوتیان شەڕ ئێمەی ماندووکردووە، بەڵام دەبێ ئاشتییەک بەدی بێت کە ڕێگە بگرێت لە دووبارەبوونەوەی شەڕێکی بێ کۆتایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ