رووداو دیجیتاڵ
سبەی وەرزی دووەمی خوێندن لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات و قوتابیان دەگەڕێنەوە ناوەندەکانی فێربوون.
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی وەرزی دووەمی خوێندن دەستیپیدەکات و نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی دەگەڕێنەوە قوتابخانەکان".
بەگوێرەی ئاماری یەکێتی مامۆستایان، نزیکەی 158 هەزار مامۆستا لە زیاتر لە 5 هەزار و 800 قوتابخانەدا وانە بە قوتابیان دەڵێنەوە. ئەحمەد گەرمیانی گوتی: "پێدەچێت بەهۆی خانەنشینی چەند هەزار مامۆستایەکەوە، بۆ وەرزی دووەمی خوێندن ئاستەنگ دروست ببێت".
8ی ئەم مانگە تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم لە پۆلەکانی چوار بۆ 12ی بنەڕەتی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و تاوەکو 18ـی مانگ بەردەوام بوو. دواتر تاوەکو ئەمڕۆ قوتابیان پشوویان وەرگرت و بڕیارە سبەی بچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان گوتی: "بەهۆی بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، نزیکەی 10 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان خانەنشین دەبن کە بەشێکیان مامۆستایانی بەئەزموونن".
ئەحمەد گەرمیانی باس لەوە کرد: "بۆ ئەوەی بۆشایی لە قوتابخانەکان دروست نەبێ، داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی عێراق وەربگرێت بۆ دامەزراندنی گەنجی نوێ و ئەو وانەبێژانەی پێشتر خزمەتیان کردووە و بەهەر هۆکارێک بێت وازیانهێناوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ