رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی چین کەمپەینێکیان دەستپێکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر چالاکییە بازرگانی و داراییەکانی گرووپی کۆمپانیاکانی عەلی بابا، بەوپێیەی کە گومانیان هەیە کۆمپانیاکە قۆرخکاری لە بازاڕی چیندا بکات.
میدیای فەرمی چین رایگەیاند، دەسەڵاتی چاودێری دارایی و بازاڕی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر ئەو گرووپە دەستپێکردووە.
گرووپی عەلی بابا کە خاوەنی چەندین کۆمپانیایە لە بواری فرۆشی ئۆنلاین و هەروەها خاوەنی ئەپلیکەیشنی "عەلی پەی" یە بە نیاز بوو مانگی رابردوو پشکەکانی کۆمپانیای عەلی پەی بخاتەڕوو، بەڵام لە دوایین ساتەکانی ئامادەکاری بۆ ئەو کارە، دەسەڵاتدارانی چینی رێگرییان لێکرد و بەوپێیەش نەیانهێشت "عەلی پەی" لە بازاڕی بۆرسەی شانگەهای و هۆنگ کۆنگ بخرێتەڕوو.
بەپێی شرۆڤەکاران، چالاکییەکانی عەلی پەی کە تایبەتە بە گواستنەوەی پارە لەرێگەی ئۆنلاینەوە کێشە بۆ سیستمی دارایی و بانکی چین دروستدەکات.
دەسەڵاتدارانی چینی نیگەرانن لە بەهێزبوونی ئەو گرووپە بەتایبەتی لە بەشی گواستنەوەی پارەدا کە دەتوانێت کاروباری بانکی لە چین تێکبدات.

