رووداو دیجیتاڵ
دووکاندارانی عەلوەی نوێی دهۆک، مانگرتنیان لە کارکردن راگەیاند و هۆکارەکەشی بۆ پابەندنەبوونی وەبەرهێنەری پڕۆژەکە بە گرێبەستەکەیان دەگەڕێننەوە، بەتایبەتی لەسەر پرسی خاوەندارێتیی گۆڕەپانی عەلوەکە. وەبەرهێنەری پڕۆژەکەش دەڵێت: "گۆڕەپانەکە بەناوی منە".
کێشەی سەرەکیی دووکانداران لەگەڵ کۆڤان ئیسماعیل، وەبەرهێنەری پڕۆژەکە، لەسەر تاپۆکردنی گۆڕەپانی عەلوەکەیە. بەپێی خاڵی 9ی گرێبەستەکەیان کە لە 13ی تشرینی یەکەمی 2011 واژۆ کراوە، دەبوو گۆڕەپانەکە بە هاوبەشی لەنێوان وەبەرهێنەر و خاوەن دووکانەکاندا بێت، بەڵام وەبەرهێنەر هەمووی بەناوی خۆیەوە تاپۆ کردووە و دووکانداران دەپرسن"ئەم تاپۆکردنە چۆن کراوە؟".
سدیق سپیندار، نوێنەری دووکاندارانی عەلوەی دهۆک، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە رێبوار عەلی پێشکێشی کرد، گوتی: "ئێمە دووکانمان بە گۆڕەپانەوە کڕیوە، چونکە عەلوە بەبێ گۆڕەپان نابێت. 12 ساڵە لێرە کار دەکەین، بۆچی ئەم ساڵ گۆڕەپانەکە بووە موڵکی وەبەرهێنەر؟"
سدیق سپیندار ئاماژەی بەوەش کرد، وەبەرهێنەر پێش چەند رۆژێک پێیگوتوون کە گۆڕەپانەکە موڵکی ئەوانە، بەڵام ئێستا پەشیمان بووەتەوە.
جگە لە کێشەی خاوەندارێتی، دووکانداران نیگەرانن لە وەرگرتنی "دخولیە" (پارەی چوونەژوورەوە). حاجی سەعید، یەکێک لە دووکاندارانی عەلوەیە، بە رووداوی گوت: "زیاتر لە دوو ساڵە کێشەی وەرگرتنی پارەمان لەگەڵ وەبەرهێنەر هەیە. 15 هەزار دینار پارە لە ترێلە و لۆری وەردەگیرێت و ئێستا دەیەوێت لە پیکاب و ئۆتۆمبێلی بچووکیش پارە وەربگرێت، ئەمەش زیانێکی گەورەیە."
دووکانداران رەخنە لەوە دەگرن کە پڕۆژەکە خزمەتگوزاریی پێویستی تێدا نییە. حاجی بەیار، دوکاندارێکی دیکەیە، بە رووداوی گوت: "بەپێی نەخشەی پڕۆژەکە، دەبوو مزگەوت، بنکەی پۆلیس و ئاگرکوژێنەوەی تێدابووایە، بەڵام وەبەرهێنەر مزگەتەکەی رووخاندووە و دەیکاتە زەوی بۆ فرۆشتن."
کۆڤان ئیسماعیل، وەبەرهێنەری پڕۆژەکە، رەتیدەکاتەوە بەڵێنی دابێت گۆڕەپانەکە موڵکی دووکانداران بێت و لە بەرپرسیار گوتی: "گۆڕەپانەکە بەناوی منەوە تاپۆ کراوە و موڵکی دووکانداران نییە. من 70 دووکانم بە نرخی تێچوون کە 14 دەفتەر دۆلار بوو، پێیان فرۆشتووە."
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانیش، کۆڤان ئیسماعیل دەڵێت: "من خواردنگە، چایخانە، بنکەی پۆلیس و ئاسایشم دروستکردووە."
پڕۆژەکە ساڵی 2011 مۆڵەتی لە وەبەرهێنانی دهۆک وەرگرتووە. فەلاح حاجی، بەرپرسی راگەیاندنی وەبەرهێنانی دهۆک، بە رووداوی گوت، هیچ سکاڵایەکی فەرمییان لەسەر کێشەکە بەدەست نەگەیشتووە و گوتی، "ئەگەر سکاڵامان بەدەست بگات، سەردانی پڕۆژەکە دەکەین و ئەگەر سەرپێچی کرابێت، بەپێی یاسای وەبەرهێنان لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
دژوار شەوکەت، قایمقامی قەزای سێمێل، بە رووداوی راگەیاند کە لیژنەیەکیان بۆ بەدواداچوونی کێشەکە پێکهێناوە و قایمقامی وەکالەت ئەمڕۆ سەردانی عەلوە و دووکاندارانی کردووە و دڵنیایی داوە کە کێشەکانیان چارەسەر دەکرێن.
سەرەڕای ئەم دڵنیاییانە، دووکانداران سوورن لەسەر مانگرتنەکەیان و دەڵێن تاوەکو کێشەی خاوەندارێتیی گۆڕەپانەکە یەکلایی نەکرێتەوە، لە مانگرتن بەردەوام دەبن و رەنگە دووکانەکانیان بە یەکجاری دابخەن. سدیق سپیندار، گوتی: "سکاڵامان لە وەبەرهێنان و دادگە تۆمارکردووە و کەس هیچی بۆ نەکردووین، لە ئێستاوە عەلوە دادەخەین و دەچینەوە ماڵ."