لەدوای 11 ساڵ چاوەڕوانی، گەڕەکێکی سۆران کۆنکرێت دەکرێت

24-10-2023
ئەندام جەبار
کارکردن لەسەر پڕۆژەکە.
کارکردن لەسەر پڕۆژەکە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پرۆژەی کۆنکرێتکردنی کۆڵانەکانی گەڕەکی بادلیان لە سۆران لە دوای 11 ساڵ لە وەستانی، جارێکی دیکە کاری تێدا دەکرێتەوە. پڕۆژەکە بەهۆی درەنگکەوتنی تەواوکردنی لە بەڵێندەرێک وەرگیرایەوە و دراوەتە بەڵێندەریکی دیکە. 
 
ئەحمەد رۆستایی، هاونیشتمانییەکی سۆرانە و دەڵێت، "نەک هەر ئەو پڕۆژەیە بەڵکو لە بادلیان سێ چوار کۆلان و لە دیلزیان چەند کۆلانی دیکە تەواو نەکراون، پار ساڵ شۆفڵیان لێدا و گوتیان چاکی دەکەین کەچی چاک نەکرا، ئەم ساڵیش ئەگەر دەستوبرد نەکەن، تەواو کردنەکەی دەگاتەوە بەهارێکی دیکە." 
 
هاوشێوەی گەڕەکی بادلیان، گەڕەکی دیکەش هەن هەم کاتی تەواوکردنیان بەسەرچووە، هەم کەم و  کورتی لە جێبەجێکردنیاندا هەیە. 
 
رێگای سۆران - رواندز، کۆمەڵگەی گەڵالە، بادلیان و دیلزیان لەو پڕۆژانەن کە دوای تەواوکردنیان دەرکەوتووە کەموکورتییان تێدایە و بەڵێندەران بە داشکاندن لە پارەی پڕۆژەکان سزادراون. 
 
دڵشاد بایز، سەرۆکی سەندیکای بەڵێندەران لە لقی سۆران دەڵێت، "هەندێکی خەتای حکومەتە، بەڕاستی بابەتی بودجە گرفتە، ئێمەش ئارەزوو دەکەین پارەی بەڵێندەر زوو پێی بدرێت بۆ ئەوەی بتوانن ئیش و کارەکانیان لەکاتی خۆیاندا جێبەجێ بکەن، لای ئێمە کەمتەرخەمی هەیە پێمان باشە سزادان هەبێت، لای حکومەتیش کەم و کورتی هەبێت وا چاکە پێداچوونەوە بکرێت." 
 
نزیکەی 40 ملیۆن دینار بڕی ئەو پارەیەیە کە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ژمارەیەک کۆمپانیا و بەڵێندەرێکی بژاردووە بە هۆکاری کەموکورتی لە پرۆژەکان و چاودێری و سزاکانیشیان تووندتر دەکەن لەکاتیکدا کەموکورتی ئەو پڕۆژانە وەک خۆیانن و چاک نەکراون.
  
هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، "راستە ئەوانەی کەموکورتییان تێدایە و تەواو کراون هەم سزادراون و هەم داشکاندن لە پارەکەیان کراوە، بەڵام بەڕاستی ئەمە چارەسەر نییە، ئەگەر ئەم حاڵەتانە دووبارە ببنەوە، ناچار دەبین ئەو کۆمپانیایانە لە پێدانی پڕۆژە بێبەش بکەین و بدەین بەو کۆمپانیایانەی باشتر کار دەکەن، زۆر جار لەگەڵیان دانشتووین و هەوڵەکانمان بەردەوامن. هیوادارین بەرەو باشتر بچن بەڵام چاوپۆشی لە کەموکورتیی هیچ پرۆژەیەک ناکەین." 
 
لە رابردوودا شەڕی داعش و قەیرانی دارایی بەربەستی بەردەم تەواوکردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری بوون بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیاندا تەواو بکرێن. ئێستاش نەمانی پارەی نەختینە ترسێکە لای بەڵێندەران و پێدەچێت هەنگاوەکانی تەواوکردنی کۆمەڵێک پڕۆژە سست و خاو بکاتەوە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە