وردەکاریی 'تەقینەوە'ی ئۆتۆمبێلەکەی عەمید محەممەد میرزا لە زاخۆ و گیانلەدەستدانی

24-07-2023
حەیدەر دۆسکی
ساتی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە.
ساتی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە زاخۆ ئۆتۆمبێلی عەمیدی خانەنشین محەممەد میرزا ئاگری گرت و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، ئامۆزایەکی دەڵیت، هیچ کێشەیەکی کۆمەڵایەتی یان دوژمندارییان لەگەڵ کەس نەبووە و چاوەڕێن لێکۆڵینەوەکانی حکومەت دەریبخات، رووداوەکە چۆن روویداوە.
 
کاژێر 20:00ی شەوی یەکشەممە، لەسەر شەقامی سەرەکیی گەڕەکی بێدارێ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەنگی تەقینەوەک لە پیکئاپێکی جۆری تیۆتا هایلوکس بەرزبووەوە. دوای تەقینەوەکە، پیکیئاپەکە نزیکەی 25 مەتر رۆیشتووە تاوەکو خۆی بە ستوونێکی هاتووچۆدا کێشاوە و وەستاوە. 
 
محەممەد پێش رووداوەکە، بە چەند خوولەکێک لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی مەهدی مونیر بوو. 
 
مەهدی مونیر هونەرمەندی شانۆکار و هاوڕێی محەممەد میرزایە، وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدات، بەر لە رووداوەکە بەیەکەوە بوون و دەڵێت، "ئێوارەکەی بەیەکەوە بووین و بڕیارماندا شەو سەردانی ماڵی هونەرمەندێکی زاخۆ بکەین، لەیەک جیابووینەوە و گەیشتمە ماڵەوە تەلەفۆنیان بۆ کردم و هەواڵەکەیان پێدام".
 
ئیدریس محەممەد قاسم، ئامۆزای کۆچکردوو، دەڵێت، "تاوەکو ئێستا چاوەڕێی لێکۆڵینەوەین و هیچ شتێکمان بۆ دەرنەکەوتووە. ئەو و ماڵباتەکەشی تاوەکو ئێستا نە کەس هەڕەشەی لێکردووە، نە کێشەشی لەگەڵ کەس هەبووە. دەزگا ئەمنییەکان بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەن و پشت بە خودا راستییەکەی ئاشکرا دەکرێت." 
 
رۆژی دووشەممە، 24ـی تەممووزی 2023 حەکیم سۆفی، ئامۆزای محەممەد میرزا بە ناسر عەلی، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە دهۆکی گوت: "ئێمە ناتوانین زانیاریی دروست لەبارەی رووداوەکەوە بدەینە خەڵک، لەبەر ئەوەی حکومەت و حیزب لە ئێمە زیاتر خەمی ئەو رووداوەیانە و ئێستا لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیزانین، ئۆتۆمبێلەکەی محەممەد نەسووتاوە، چونکە ئەگەر سووتابا هەیکەلەکەی وەکو خۆی دەمایەوە، بەڵکو ئۆتۆمبێلەکەی لەبەریەک هەڵوەشاوەتەوە".
 
حەکیم سۆفی دەڵێت، محەممەد هەموو ژیانی خۆی بۆ وڵات و خزمەتی خەڵکەکەی تەرخانکردبوو و تاوەکو ئەو تەمەنەی کەسێک گازندەیەکی لێی نەبووە، بۆیە هیچ گومانێکیان نییە کە بەهۆی کێشەیەکی دوژمنداری یان کۆمەڵایەتی کەسێک نیازی هەبووبێت زیانی پێ بگەیەنێت.
 
لەبارەی لێکۆڵینەوەکان بۆ زانینی راستیی رووداوەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئامۆزای محەممەد میرزا گوتی: "ئێمە متمانەی تەواومان داوەتە حکومەت و دڵنیاین لە ئێمە زیاتر خەمخۆرن بۆ دەرخستنی راستییەکان، دڵنیاشین بەم نزیکانە راستییەکە ئاشکرا دەکرێت".
 
پۆلیس دەڵێت، لیژنەیان لەسەر رووداوەکە پێکهێناوە بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەن و دواتر ئەنجامەکان رابگەیێنن. 
 
شەوی یەکشەممە، 23-07-2023 ئۆتۆمبێلێک لەسەر شەقامێکی زاخۆ گڕی گرت و دوای رووداوەکە رائید ئەحمەد رەمەزان، گوتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە رووداوی راگەیاند، کەسێک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا سووتاوە و گیانی لەدەستداوە، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەشیان پێکهێناوە و هێشتا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک لەبارەی ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە چۆن گڕی گرتووە و هۆکارەکەی چی بووە.
 
رۆژی دووشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا، کە ئاراستەی بنەماڵەی عەمید محەممەد میرزا یونس سۆفیی کردووە دەڵێت: "شەوی رابردوو لە کردەوەیەکی گوماناویدا، ئۆتۆمبێلی عەمیدی خانەنشین محەممەد میرزا یونس سۆفی لەناو شاری زاخۆ تەقییەوە و بەمەش ئەم ئەفسەرە ماندوونەناسەی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان شەهید بوو."
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "لەم بارەوە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانم راسپاردووە لێکۆڵینەوەیەکی ورد لەم رووداوە بکەن و ئەو دەستانە ئاشکرا بکەن، کە لەپشت ئەم تاوانەوەن."
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە