سەرۆکی رێکخراوی لووتکە: حەوت کۆچبەری بێسەروشوێن خەڵکی هەرێمی کوردستانن

24-07-2021
عەلی زەڵمی
رزگارکردنی کۆچبەرەکان. وێنە:  Jason TAVLAS / AFP
رزگارکردنی کۆچبەرەکان. وێنە: Jason TAVLAS / AFP
نیشانەکردن کۆچبەران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

وێڕای سەختی رێگە، قورس بەدەستهێنانی وڵاتینامە لە وڵاتانی دەرەوە و زۆربوونی ژمارەی گیانلەدەستدان لە رێگەی کۆچی نایاساییدا، گەنجانی هەرێمی کوردستان لە کۆچکردن بەردەوامن. نوێترین رووداویش ژێرئاوکەوتنی یەختێک بوو لە نزیک دوورگەی کریتی یۆنان بە 45 سەرنشینەوە کە 17 کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن.
 
تاوەکو ئێستا 37 کەسیان رزگارکراون، بەگوێرەی زانیارییە پشتڕاستکراوەکانیش، 17 کەسیان خەڵکی هەرێمی کوردستانن، 16 کەس لەوانیش خەڵکی سنووری پارێزگای سلێمانین، ئەوی دیکەشیان خەڵکی دهۆکە.
 
هاونیشتمانیانیش زۆرینەی ئەو کەسانە پێکدەهێنن کە بێسەروشوێنبووی رووداوەکەن. 
 
ئاری جەلال، سەرۆکی رێکخراوی لووتکە بە رووداوی گوت، "بەپێی نوێترین ئامار کە دەست ئێمە کەوتووە، حەوت کەس لە بێسەروشوێنبووەکان خەڵکی هەرێمی کوردستانن." گوتیشی، کۆچبەرێکی دیکەی بێسەروشوێنیش خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
 
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاد لە 40 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە ئەوروپا؛ زیاتر تێکچوونی رەوشی ئەفغانستان، مانەوەی رەوشی خراپی ژمارەیەک لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هۆکاری سەرەکی ئەو کۆچە بەردەوامەیە دەبیندرێت و ئەوەش نیگەرانی لای بەرپرسانی ئەو وڵاتانە دروستکردووە کۆچبەرەکان بۆیان دەپەڕنەوە.
 
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا یۆنان پێنج هەزار و 693 کۆچبەری ناردوونەتەوە تورکیا، بەڵام چاوەڕێ دەکرێت لەمەودواش سیاسەتی تووندتر بگرێتەبەر.
 
ژان دانیاڵ، راوێژکاری کۆچ و تاوانە رێکخراوەکان لە ئەسینا باس لەوە دەکات، "ئێستا یۆنان سیاسەتێکی نوێی تایبەت بە کۆچبەرانی هەیە و هەفتەی داهاتووش دەنگ لەسەر پرۆژەکە دەدرێت؛ خەڵکی سووریا و وڵاتانی دیکە کە جەنگیان تێدایە پێویستیان بە پاڵپشتییە؛ بەڵام خەڵکی وڵاتێکی وەک جەزائیر کە نە شەڕی تێدایە و نە رووبەڕووی قەیرانی مرۆیی بووەتەوە جیاوازە و دەبێت خەڵکەکەی بگەڕێندرێتەوە وڵاتی خۆی."
 
لە ساڵی 2014ـەوە کۆچی هاونیشتمانیان بۆ دەرەوە زیادی کردووەتەوە؛ ساڵی 2020، 34 هەزار هاونیشتمانی کۆچیان کردووە و لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا خۆیان وەکو پەنابەر تۆمارکردووە.
 
هەمان ساڵ، 35 هاونیشتمانی بەهۆی رووداوی جیاوازەوە لە وڵاتانی جیاواز گیانیان لەدەستداوە و تەرمی 16 کەسیان گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان و تەرمی 17 کەسیش بێسەروشوێن بوون.
 
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاندووە، "بەمەبەستی بەداواچوون و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە رووداوەی نقومبوونی بەلەمێک لە سنووری ئاویی نێوان تورکیا و یۆنان چارەنووسیان دیار نییە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەیوەندی و هەوڵی بەردەوام دایە لەگەڵ حکومەتی تورکیا و حکومەتی یۆنان لە رێگەی هەردوو کۆنسوڵگەریی تورکیا و یۆنان لە هەرێمی کوردستان، هەروەها زانیاری تەواوی لەسەر ئەو کۆچبەرانە بە لایەنی پەیوەندیدار لە هەردوو حکومەت داوە کە لە لایەن کەسوکارەکانیانەوە بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە نێردراون کە سێ لەو کۆچبەرانە خەڵکی شارەدێی خەلەکانن."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر

لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ تاوەکو دوای سەری ساڵ مامەڵەکانی هاونیشتمانییان رادەگیرێن

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆوە مامەڵەکانی هاووڵاتییان رادەگرێت تاوەکو دەستپێکردنەوەی دەوام لە سەرەتای ساڵی نوێ.