رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی رایگەیاند کە بەهۆی لێدان لە کێبڵی ژێرزەوینی گەڕەکی راپەڕین، ماوەی سێ رۆژە ناتوانن وەک پێویست ئاو بنێرن بۆ گەڕەکەکانی سلێمانی.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی ئاوی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، کێشەیەکی کارەبا لە وێستگەی ئاوی سەرچنار دروستبووە، بەهۆیەوە ماوەی سێ رۆژە ناتوانن وەک پێویست ئاو لە پرۆژەی سەرچنار بنێرن بۆ گەڕەکەکان، بەهۆی راگرتنی کارەبای پرۆژەکە .
گوتەبێژی ئاوی سلێمانی گوتیشی: سلێمانی لە سێ سەرچاوەوە ئاوی بۆ دابین دەکرێت، کە بریتین لە دووکانی یەک و دووکانی دوو لەگەڵ سەرچنار، بەهۆی تێکچوونی کارەبای ئاوی سەرچنار ماوەی چەند رۆژێکە ناتوانن وەک پێویست ئاو بدەنەوە گەڕەکەکانی ناو سلێمانی، چونکە پرۆژەکانی دووکانی یەک و دووکانی دوو زیاتر ئاوی دەوروبەری سلێمانی دابین دەکەن، بەڵام ناوەندی سلێمانی لە پرۆژەی ئاوی سەرچنارەوە ئاوی بۆ دابین دەکرێت، تا زووتر بەڕێوەبەرایەتی کارەبا کێشەکە چارەسەر بکەن، زووتر دەتوانن ئاو بدەنەوە هاونیشتمانیان".
لە ماوەی ئەم مانگەدا ئەوە دووەمجارە سەنتەری شاری سلێمانی گرفتی بێ ئاوی بۆ دروست دەبێت. سەرەتای ئەم مانگە بۆرییەکی دابەشکردنی ئاوی سەرچنار شکا و بەو هۆیەوە سلێمانی چەند رۆژێک بێ ئاو بوو.


.jpg&w=3840&q=75)
