رووداو دیجیتاڵ حکومەتی سووریا هەنگاوێک بۆ یەکخستنەوەی کەرتی پەروەردە لە رۆژئاوای کوردستان دەنێت و بڕیاری دا بە یەکسانکردنی بڕوانامەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دامەزراندنی هەزاران مامۆستای ئەو ناوچانە لەسەر میلاکی حکومەت. بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی سووریا کە رۆژی 17-06-2026 دەرچووە، رێگە بەو قوتابییانە دەدرێ کە بە پڕۆگرامی (بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) خوێندوویانە، بەشداری لە تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی بڕوانامە گشتییەکان بکەن. ئەم بڕیارە ساڵانی خوێندنی 2025-2026 و 2026-2027 دەگرێتەوە. محەممەد عەبدولڕەحمان تورکۆ، وەزیری پەروەردەی سووریا رایگەیاند، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلانی یەکخستنی سیستمی پەروەردە لە "پارێزگاکانی رۆژهەڵات" و دەستەبەرکردنی هەلی یەکسان بۆ قوتابیان. دامەزراندنی 38 هەزار مامۆستا وەزیری پەروەردەی سووریا دەڵێ، لە چوارچێوەی پرۆسەی یەکخستنەوەکەدا توانیویانە نزیکەی 38 هەزار مامۆستا کە پێشتر لە دامەزراوە پەروەردەییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کاریان دەکرد، بخەنە سەر میلاکی حکومەت. وەک وەزیری پەروەردەی سووریا دەڵێ، هەروەها لە سەرەتای وەرزی دووەمی ئەم ساڵەوە، 2350 قوتابخانە کراونەتەوە کە پڕۆگرامی یەکگرتووی حکومەتی سووریا جێبەجێ دەکەن. یەکسانکردنی بڕوانامەکان سەبارەت بەو قوتابیانەی پێشتر بڕوانامەیان لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر وەرگرتووە، بەپێی بڕیارەکە وەزارەتی پەروەردە ئەو بڕوانامانە پەسند دەکات و بەپێی رێنماییە نوێیەکان یەکسانیان دەکات، تاوەکو قوتابیان بتوانن لە زانکۆکاندا درێژە بە خوێندن بدەن. وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجیان ئەوەیە گواستنەوەی قوتابیان لە پڕۆگرامەکانی خۆسەرەوە بۆ پڕۆگرامی حکومی "دادپەروەرانە" بێت، تاوەکو هیچ کاریگەرییەکی خراپ لەسەر ئاستی زانستی و داهاتووی قوتابیان دروست نەبێت.