رێگەی بەشی زۆری سەیرانگەکانی چۆمان وێرانە؛ بەشێک لە گەشتیاران لە نیوەی رێگەدا دەگەڕێنەوە

24-06-2023
ئەندام جەبار
رێگەی هاوینەهەواری پڕژە لە باڵەکایەتی
رێگەی هاوینەهەواری پڕژە لە باڵەکایەتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاوینەهەواری پڕژە لە باڵەکایەتی، دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشی هەیە و لە هاویندا گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن، بەڵام رێگەی گەیشتن بەو هاوینەهەوارە وێرانە و گەشتیاران گلەیی لە خراپیی رێگەکە دەکەن، خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکانیش دەڵێن، زیان دەکەن.
 
کاروان کەمال، خاوەن پڕۆژەی گەشتیارییە لە هاوینەهەواری پڕژە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەوەی زۆر گرنگە رێگەی سۆران - چۆمان و رێگەی چۆمان - گوندی سەکرانە، کە وەکو پێویست نییە، جیگەی رەزامەندیی ئێمە و گەشتیارانیش نییە کە سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن." 
 
بەشێک لەو گەشتیارانەی دەچنە سنوورەکە، پێش گەیشتنیان بە ناوچە گەشتیارییەکان، خراپیی رێگە ناچار بە گەڕانەوەیان دەکات. بەشێکیشیان هەرچۆنێک بێت، خۆیان دەگەیێننە ناوچەکە.
 
بەشار سادق، لە هەولێرەوە چووەتە هاوینەهەواری پڕژە و دەڵێت، "ناوچەیەکی زۆر خۆشە، بەڵام رێگەوبانەکەی ئۆتۆمبێلی بەرز نەبێت، پێی ناگات."
 
حەمدیە سلێمان، گەشتیارێکی دیکەیە و باس لەوە دەکات، پڕۆژە "کەشێکی زۆر خۆشی هەیە، هەر ئەوە بوو لە سۆشیاڵ میدیا بینی بووم و وای لێکردم بێمە ئێرە جەوێک بگۆڕین، زۆر خۆشە بەڕاستی." 
 
گرووپە گەشتیارییەکان بۆ هێنانی گەشتیار لە خواروو و نێوەڕاستی عێراق، گرێبەستیان لەگەڵ گەشتوگوزاری سنوورەکە کردووە، بەڵام هەر گرووپێک جارێک هاتبێت، لەبەر خراپیی رێگەکە جارێکی دیکە نەهاتووەتەوە.
 
رێگەی بەشی زۆری شوێنە گەشتیارییەکانی چۆمان خۆڵ و چەوتن، بارانبارین و لافاو، هەموو ساڵێک پڕیان دەکات لە چاڵ، بۆ نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەیان، گەشتوگوزاری چۆمان داواکاریی بەرزکردووەتەوە.
 
هەڵگورد محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان دەڵێت، "ماوەی چەند ساڵێکە رێگەکان وەکو خۆیان ماون و نۆژەن نەکراونەتەوە، بەڵام ئێمە وەکو گەشتوگوزاری چۆمان، نووسراو و دەرخستەمان بەرزکردووەتەوە بۆ سەرووی خۆمان و چاوەڕێی وەڵامی نووسراوەکان دەکەین."
 
چیای هەڵگورد وەکو بەرزترین لووتکەی سەر ئاستی عێراق و پڕژە وەکو تەنها شوێنی کوردستان کە چوار وەرزی ساڵ بەفری لێ دەمێنێتەوە، ناوبانگی گەشتوگوزاری سنووری باڵەکایەتین. لەپاڵ ئەوانەدا هەشت کۆمەڵگەی گەشتیاری کە پێکدێن لە 200 ڤێلا و زیاتر لە 150 خانووی گەشتیاری و 650 کەپری گەشتیاری، لەو سنوورە بنیات نراون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە