بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ

24-06-2022
هەستیار قادر
ئەو شوێنەی لە کێڵگەی کۆرمۆر کە کرایە ئامانج
ئەو شوێنەی لە کێڵگەی کۆرمۆر کە کرایە ئامانج
نیشانەکردن گاز هێرشی سەر دانەگاز
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جارێكی دیکە بە مووشەک هێرشکرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر. بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە. بەڕێوەبەری ناحیەی قادر کەرەمیش دەڵێت، مووشەکەکە لەو شوێنەوە ئاراستە کراوە دوو رۆژ لەمەوبەر مووشەکی لێوە ئاراستە کرا. 
 
سدیق محەممەد، بەڕێوەبەرى ناحیەى قادر کەرەم لە سنوورى قەزاى چەمچەماڵ ئەمڕۆ هەینی 24-6-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، مووشەکێک ئاراستەى کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە سنوورى ناحیەکە کراوە، بەڵام زیانى نەبووە و "تەنها پوشوپەڵاشی سوتاندووە" .
 
بەڕێوەبەرى ناحیەى قادر کەرەم گوتیشی: "هێرشە مووشەکییەکە کاژێر 2:10 ى دواینیوەڕۆ بووە و مووشەکەکەش لەهەمان ئەو شوێنەوە ئاڕاستەکراوە کە دوو رۆژ لەمەوبەر لێوەى مووشەک ئاڕاستەى کۆرمۆر کرا".
 
هاوکات ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئاماژەی بەوەشکرد، ژووری ئۆپەراسیۆنیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دروستکردووە و خۆیان لە رێگەن دەچنە کێڵگەکە تاوەکو لە نزیکەوە دۆخەکە ببینن و دواتر زانیاریی وردتر بڵاودەکەنەوە. 
 
پەیامنێری رووداویش گوتی، بەهۆی هێرشەکەوە ئاگرکەوتووەتەوە و ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەی کەمپەکە گەیشتووەتە شوێنەکە و سەرقاڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیە.
 
 
دوو رۆژ پێش ئێستا بە کاتیۆشا هێرشکرایە سەر کێڵگەکە، بەپێی راگەیێندراوی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هێزەکانی دژەتیرۆر، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی بەدواوە نەبوو.
 
کۆرمۆر یەکێکە لە گوندەکانی شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی و کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی گازی تێدا دەکەن و یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان بەتایبەت نەوت و گاز.
 
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
 
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008 بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.