رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی سێ مانگە نرخی جووجکە بەردەوام لە گرانبووندایە، بەڵام نرخی مریشک رۆژ بە رۆژ زیاتر دادەبەزێت.
رۆژی پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نزیکەی سێ مانگە رۆژ بە رۆژ نرخی جووجکەی یەک رۆژە بەرز دەبێتەوە، لە بەرامبەریشدا بەردەوام نرخی مریشک دادەبەزێت، کە ئەمەش زەرەرێکی زۆری بە خاوەنی پەلەوەرخانەکان گەیاندووە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ دەڵێت، "پێشتر نرخی جووجکەی یەک رۆژە 50 سەنت بوو، بەڵام ئێستا نرخەکەی گەیشتووەتە 75 سەنت و زۆر گرانبووە، لەبەرامبەردا نرخی کیلۆیەک مریشک بە زیاتر لە سێ هەزار دەگەیشتە دەستی هاووڵاتیان، بەڵام ئێستا لە پەلەوەرخانەکاندا بە دوو هەزار دینارە."
بە گوتەی فیراس سدیق، خاوەنی پەلەوەرخانەکان "زیانی زۆریان پێدەگات"، یەک کیلۆ مریشک بە دوو هەزار و 250 دینار لەسەر خۆیانە، واتە لە هەر کیلۆیەک 250 دینار زەرەر دەکەن.
لەبارەی هۆکاری دابەزینی نرخی مریشک، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتی، "بەرهەمی هەرێمی کوردستان لە پێداویستی ناوخۆ زۆرترە، ئەوەی زیادەیە لە خواردوو و ناوەڕاستی عێراق بە بازاڕ دەکرێت، بەڵام ئێستا بەرهەمی ئەوانیش پێگەیشتووە و جیاوازیی نرخ تەنیا 400 دینارە، بۆیە لە هەرێمی کوردستان هاوردەی ناکەن و ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی نرخی مریشک."
ساڵانە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 270 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم دەهێنێت، لەکاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی ناوخۆ 150 هەزار تۆنە. ئەوەی لە پێداویستیی نێوخۆ زیاترە، هەناردەی پارێزگاکانی عێراق دەکرێت.
لە هەرێمی کوردستان هەزار و 959 پەلەوەرخانە هەن، بەڵام بەشێوەیەکی هەمیشەیی هەموویان بەرهەمیان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ