قایمقامی ئاکرێ: زیاتر لە 20 کەس لەسەر شەڕەکەی گردەسێن دەستگیرکراون

24-04-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قایمقامی ئاکرێ دەڵێت، زیاتر لە 20 کەس لەسەر شەڕەکەی گردەسێن دەستگیرکراون. گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێش دەڵێت، "فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کۆمەڵێک کەسی دیکەش دەرچووە."
 
رۆژی پێنجشەممە، 24ی نیسانی 2025، د. دلاوەر بۆزو، قایمقامی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "راستەوخۆ لە دوای شەڕەکەی گردەسێن هەموو رێکاری پێویست لە دژی بکەرانی شەڕەکە و تەقەکەرەکان گیرایەبەر، تائێستا زیاتر لە 20 کەس دەستگیرکراون."
 
هاوکات موقەدەم عیماد حوسێن، گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بەردەوامە، هەموو رێکارێکی یاسایی پێویست گیراوەتەبەر، ژمارەیەکی زۆر تۆمەتبار دەستگیرکراون، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەشێکی دیکەش دەرچووە."
 
وەکو گوتەبێژی پۆلیسی ئاکرێ دەڵێت، دوای تەواوبوونی رێکارەکان و لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، کەیسەکە بۆ دادگای تایبەتمەند دەنێردرێت و درێژە بە رێکارەکان دەدرێت.
 
شەوی 6ـی نیسان، لە ناحیەی گردەسێن لە قەزای ئاکرێ شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵە دروستبوو و بەهۆیەوە دوو کەس برینداربوون کە یەکێکیان پۆلیس بوو.
 
رۆژی دواتر 7ی نیسانی 2025 پۆلیسی ئاکرێ رایگەیاند: "هەشت کەسیان لەسەر ئەو شەڕە دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر چەکەکانیاندا گرتووە."
 
شەڕەکە بەهۆی کێشەیەکی کۆنی کۆمەڵایەتییەوە بوو و بۆ کۆنترۆڵکردنی هێزێکی زێرەڤانی رەوانەی ناحیەکە کرا.
 
8ی هەمان مانگ، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "ئەو کەسانەی لە شەڕەکەی گردەسێندا تەقەیان کرد، لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیرکراون، دەدرێنە دادگە و لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵ دەکرێت." 
 
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە