رووداو دیجیتاڵ
کەسایەتییەکی کریستیان لە دهۆک دەڵێت، نزای نیشتمانی "هاندەرێکی بەهێز" دەبێت بۆ گەڕانەوەی کریستیانەکان، داواش دەکات پێشمەرگە بگەڕێتەوە دەشتی نەینەوا بۆ ئەوەی گەڕانەوەی کریستیانەکان خێراتربێت، هەروەها ئاشکرای دەکات لە کۆی یەک ملیۆن کریستیان لە بەغدا تەنیا 4 هەزاریان ماونەتەوە.
هەیسەم پترۆس، کەسایەتیی کریستیان لە کاتی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە دڵدار هەرکی پێشکێشیکرد، "نزای نیشتمانی" بە هەنگاوێکی گرنگ و پیرۆزی لە قەڵەمدا و گوتی، "رۆژی نزای نیشتمانی دەبێتە پیرۆزترین رۆژی مێژوو، چونکە لەو رۆژەدا سەرۆک بارزانی توانی هەموو پێکهاتە و ئایینەکان لە یەک شوێندا کۆبکاتەوە."
رۆژی چوارشەممە 23 نیسانی 2025 بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و دەیان سەرکردە و کەسایەتی جیهانی لە هەولێر نزای نیشتمانی بەرێوەچوو.
هەیسەم پترۆس لەبارەی کاریگەری نزای نیشتمانی لەسەر گەڕانەوەی کریستیانەکان بۆ ناوچەکانیان گوتی، "100٪ کاریگەری دەبێت، بە تایبەت ئەگەر پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچەکانی تلکێف، بەرتلە و باشیک، ئەوە خەڵک دەگەڕێتەوە، چونکە هەست بە ئارامی دەکات، بەڵام بەبێ پێشمەرگە گەڕانەوەی 300 هەزار کریستییانی دەشتی نەینەوە قورسە."
لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر موسڵ لە حوزەیرانی 2014 زیاتر لە 200 هەزار کریستیان لە مووسڵ روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، بەشێکیان لە کامپەکان و بەشێکی دیکەیان لە شارەکان نیشتەجێبوون، بەشێکی دیکەیان روویان لە هەندەران کرد.
هەیسەم پترۆس ئاماژەی بە کەمبوونەوەی ژمارەی کریستیانەکان لە چەند پارێزگایەکی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کرد و گوتی: "لە روومادی زیاتر لە 2 هەزار خێزانی کریستیان هەبوون ئێستا یەک خێزانیش نەماوە، لە بەسرا 1800 خێزانی کریستییان هەبوو، ئێستا تەنیا 12 خێزان ماون، لە بەغدا یەک ملیۆن کریستیان هەبوون، ئێستا تەنیا چوار هەزار کەس ماون، لە ناوەندی شاری موسڵ 400 هەزار کریستیان هەبوون، ئێستا تەنیا یەک خێزانیش لەوێ نەماوە."
لەدوای ساڵی 2003 ەوە ژمارەی کریستیانەکانی عێراق بەرە بەرە کەمیکردووە، ئێستا تەنیا ٪20ی ئەو کریستیانانە لە عێراق ماون و زۆربەیان لە هەرێمی کوردستانن، پێش شەڕی عێراق لە ساڵی 2003 ژمارەی کریستیانەکانی عێراق زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس بوون، ئەو کاتە دانیشتووانی عێراق 25 ملیۆن کەس بوون، واتە نزیکەی ٪6ی دانیشتووانی عێراقیان پێکدەهێنا.
ئەو کەسایەتییەی کریستیان گلەیی دەکات لەوەی کە عێراق پابەندی بەڵینەکانی بۆ کریستیانەکان نەبووە و گوتی: "لە ساڵی 2003 ـوە پەرلەمانی عێراق دامەزراندنی بەرێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی سریانی و کاروباری کریستیانەکانی پەسندکردووە، بەڵام تائێستا جێبەجێنەکراوە، تەنیا لە هەولێر و دهۆک جێبەجێکراوە."
هەیسەم پترۆس لەبارەی دۆخی کریستیانەکان لە دهۆک ئاماژە دەکات، گۆڕانکاریی گەورە روویداوە و دەڵێت، لە دهۆک 36 قوتابخانەی سریانی هەیە، 2400 قوتابی بە زمانی سریانی دەخوێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ