رووداو دیجیتاڵ
لە کاتی پشکنینی پاسێکی نەفەرهەڵگر کە لە بانەوە بەرەو پارێزگاکانی نێوەڕاستی ئێران دەڕۆیشت، دەست بەسەر زیاتر لە 200 بێچووە سمۆرەدا گیرا.
رۆژی پێنجشەممە، 24ی نیسانی 2025، هاونیشتمانییەک لە شاری بانە بە رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی دوێنی چوارشەممە لە رێگەی بانە- بیجار لە کاتی پشکنینی پاسێکی نەفەرهەڵگر کە بەرەوە پارێزگاکانی نێوەڕاستی ئێران دەچوو، دەست بەسەر زیاتر لە 200 بێچووە سمۆرەدا گیراوە کە تەمەنیان لە 10 رۆژ کەمتر بوو".
دوای دەستبەسەرداگرتنیان بێچووە سمۆرەکان بۆ ئیدارەی ژینگەی شاری سەقز گوازراونەتەوە و دواتر دراونەتەوە ژینگەپارێزان بۆ ئەوەی چاودێریان بکەن.
هاونیشتمانییەکە گوتی: "ژینگەپارێزان شیریان بۆ سمۆرەکان دابین کردووە و ئەوانەش کە پێویستیان پێی نەبووە گەڕێنراونەتەوە بۆ سرووشت".
ئەو هاونیشتمانییە ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک لە ناوچەکە بارزگانی بە ئاژەڵ و باڵندەی کێوی دەکەن، داوای لە خەڵکی ناوچەکە بە تایبەتی گوندنشینان کرد، هاوکار بن بۆ رێگری لە فرۆشتن و بە قاچاخبردنی ئەو ئاژەڵ و باڵندانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ