رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرە دەڵێت، سعودیە بڕیاری خۆی نەگۆڕیوە و دوایین کات بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی بۆ عومرە چوونەتە وڵاتەکە سێشەممەی داهاتووە. هەروەها ئاماژە بە ئامادەکارییەکان بۆ حەجی ئەم ساڵ دەکات و دەڵێت، دەبێت ئەوانەی ناویان دەرچووە بچن ڤاکسین وەربگرن.
کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، رۆژی پێنجشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بە بڕیاری سعودیە تاوەکو سێشەممە، 29ـی نیسان هەرکەسێک لەو وڵاتە نەگەڕێتەوە بە نزیکەی 35 ملیۆن دیناری عێراقیی سزا دەدرێت.
بڕیارەکەی سعودیە هەموو تاکەکان و کۆمپانیاکان ناچار دەکات، بەر لەکاتی دیاریکراو بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان. کاروان ستوونی دەڵێت: "ئەو پارەیەی وەکو پێبژاردن لە هەر کەسێک وەربگیرێت بۆ سعودیەیە و هیچ پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە نییە".
لە چوارچێوەی رێکارەکاندا بۆ وەرزی حەج، لە 13ـی نیسانەوە گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە راگیراوە.
ئامادەکارییەکان بۆ حەجی ئەم ساڵ
بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرە دەڵێت: "ئامادەکارییەکان بۆ رێوڕەسمەکانی حەجی ئەم ساڵ بەردەوامن، ئێستا لە چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان پێدانی ڤاکسین بۆ ئەو کەسانە دەستیپێکردووە کە ئەم ساڵ دەچنە حەج".
ڤاکسینەکە بۆ رێگرییە لە تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان و پەتا وەرزییەکان. ستوونی گوتی: "بە هاوئاهەنگیی وەزارەتی تەندروستی ڤاکسینەکان دەدرێن؛ هەرکەسێک ڤاکسین وەردەگرێت دەفتەرێکی پێدەدرێت کە تێیدا وەکو بەڵگەنامە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین لە گەشتەکەیدا بەکاری دەهێنێت".
ساڵی رابردوو، ژمارەیەکی زۆر خەڵک لە هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دیکەوە بەبێ رێکارە تایبەتەکان و بە ڤیزەی گەشتیاری یان ڤیزەی ساڵی، بۆ حەجکردن چوونە سعودیە. کاروان ستوونی دەڵێت، "بە گوێرەی بڕیارەکانی سعودیە، ئەم ساڵ کەس ناتوانێت بەو ڤیزانە حەج بکات، چونکە پێدانیان راگیراوە".
بڕیارە گەشتی حەجی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی 10 بۆ 15ـی مانگی 5 دەستپێبکات.
پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەم ساڵ بەراورد بە پار زیاد کرا. ساڵی رابردوو 4,174 کەس ناویان دەرچوو بوو، بەڵام بۆ حەجی ئەم ساڵ کە لە 25-09-2024، تیروپشک کرا، پێنج هەزار و 120 کەس ناویان دەرچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ