نوسینگەی چاودێری هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکان دادەمەزرێت

24-03-2015
سەهین موفتی
رووداو
رووداو
نیشانەکردن نەوت
A+ A-
رووداو - هەولێر

بەگووتەی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، هەولێر و بەغدا لەسەر چۆنێتی چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکان رێککەوتوون.  بۆ ئەم مەبەستەش نووسینگەی هاوبەشی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق بەتایبەتی لەسەر هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکان دادەمەزرێت.

بڕیاریشە ئەندامانی ئەو نوسینگەیە قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دیاری بکەن.

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، جارێ پێویستە کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نەوت چارەسەر بکرێت، دواتر بیر لە دامەزراندنی ئەو نووسینگەیە بکرێتەوە.

بەگوتەی ئەندامانی لیژنەی پیشه‌سازى و وزه‌ وسه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان لە پەرلەمانی کوردستان، دواخستنی دامەزراندنی ئەو نووسینگە هاوبەشە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماوەیەکە دانووستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت ئەنجامنەدراوە، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، رێگە و شوێنی دامەزراندنی نووسینگەکە و ژمارەی ئەندامان و دەسەڵاتەکانی دیاری بکرێت.

پێشتر راگەینرابوو کە دوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی نەورۆز شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستاندنەکان و گفتوگۆ لەبارەی رێککەوتنەکەی نێوانییان، بەتایبەتی لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوت، بەڵام رێککەوتی سەردانەکە دیاری نەکرابوو، بۆیە چاوەڕواندەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا وادەی دەستپێکی گفتووگۆکان دیاری بکرێت.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە