prev
next
رووداو دیجیتاڵ
دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق دەڵێت، بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سلێمانی، "تیرۆریستێکمان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر کرد."
ئەمڕۆ هەینی، 24ی کانوونی دووەمی 2025، دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق رایگەیاند، "لە بەردەوامیی هاوئاهەنگی و هاوکارییەکانی نێوان دەزگاکەمان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سلێمانی، توانرا تیرۆریستێک لە شاری سلێمانی دەستگیر بکرێت."
هەر ئەمڕۆ عەقید سەلام عەبدولخالق، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی سەر بە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەو تیرۆریستەیان لە دەوروبەری سلێمانی دەستگیرکرد کە ناوی ح . ع . ف. ـە و خەڵکی شارەکانی نێوەڕاستی عێراقە."
عەقید سەلام عەبدولخالق گوتیشی، "ئەو تیرۆریستە لەلایەن دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق داواکراو بوو و ئۆپەراسیۆنەکەش بە هاوئاهەنگی جێبەجێکراوە."
دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق ئاماژە بەوە دەکات: "هەر ئەمڕۆ توانیمان لە زنجیرە چیاکانی پەلکانە لە خورماتوو 3 ئەشکەوت و چەند کۆگەیەکی چەک و تەقەمەنی تیرۆریستان بۆردوومان بکەین و لە گوندی زرکەش 3 کۆگە، ئۆتۆمبێل و ئەشکەوتی تیرۆریستانمان تەقاندەوە."
بەگوێرەی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری عێراق، لە بیابانەکانی روتبەی ئەنباریش بڕێک چەک و تەقەمەنی دەستی بەسەرداگیراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ