وەزیری بەرگریی هۆڵەندا سەردانی هەولێر دەکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بڕیارە پاش کەمێکی دیکە وەزیری بەرگریی هۆڵەندا بگاتە هەولێر و لە لایەن وەزیری پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێ بکرێت.
 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەمڕۆ دووشەممە 23-12-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "روبن بریکلمانس، وەزیری بەرگریی ھۆڵەندا کەمێکی دیکە دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەوە پێشوازی لێ دەکرێت".
 
بڕیارە هەر ئەمڕۆ روبن بریکلمانس لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.
 
بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەی روبن بریکلمانس و نێچیرڤان بارزانیدا، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و بەردەوامیی هاوکارییەکانی هۆڵەندا بۆ پێشمەرگە تاوتوێ دەکرێت.
 
روبن بریکلمانس لەم سەردانەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، سەربازان و راوێژکارەکانی وڵاتەکەی بەسەر دەکاتەوە.
 
هۆڵەندا لە کاتی شەڕی دژی داعشەوە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا لە هەرێمی کوردستان هەن و هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن.
 
شەممەی رابردوو، گویدۆ کرۆسێتۆ، وەزیری بەرگریی ئیتاڵیا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و رۆژی یەکشەممە لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کورستاندا کۆبووەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە