رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت، لەم مانگەدا بەهۆی سەرپێچییە ژینگەییەکانەوە 54 پاڵاوگەی نایاساییان داخستووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 23-12-2024، دڵشاد هیرانی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، جگە لە داخستنی کارگەکان، لە دوو هەفتەی رابردوو 20 خاوەن پاڵاوگەی نایاساییان دەستگیرکردووە کە پابەندی رێنوێنییە ژینگەییەکان نەبوون.
بەشێک لەو خاوەن پاڵاوگانەی دەستگیرکراون بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ئازاد کراون. بە گوتەی هیرانی، بەشێکیان لە زیندان هێڵدراونەتەوە.
05-12-2024 بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "ژمارەیەک پاڵاوگە کە پابەندی رێنماییەکان نەبوون داخران."
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر دەڵێت: "ئەو پاڵاوگانە زیانێکی زۆریان هەیە بۆ ژینگە، هەوا، خاک و ئاوی ژێر زەوی، بۆیە بڕیاری داخستنیان دراوە".
پاڵاوگەکان لەلایەن تیمێکی هاوبەشی ئاسایش، پۆلیس و نوێنەری دەستەی ژینگە و ناحیەی گوێڕ بووە دادەخرێن. دڵشاد هیرانی ئاماژەی بەوەکرد، هەڵمەتەکەیان بەردەوام دەبێت.
بەگوێرەی ئاماری پارێزگای هەولێر، 138 پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگای هەولێر هەن.
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوەکەی پێنجشەممەی رابردوودا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو پاڵاوگانەی داخراون بە دانانی پاڵاوگەی دووەم لە نێو پاڵاوگەکانی خۆیان، جۆرە گازوایلێکی کوالێتی نزم بەرهەمدەهێنن و لەکاتی بەرهەمهێنانیدا جۆرە گازێکی ژەهراوی دەخاتە ژینگەوە کە زۆر زیانبەخشە".
سەرەتای نیسانی ئەم ساڵ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پاڵاوگەی نایاساییەکان دادەخەن، بەڵام 12ـی هەمان مانگ رایگەیاند: "پاڵاوگەکان سەرچاوەی ژیانی بەشێکی خەڵکن، بەڵام نابێت بەشێک بن لە تێکدانی ژینگەی شار. بڕیاری داخستنی پاڵاوگەکان هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام کار دەکرێت لە دەرەوەی شارەکان زەوییان بۆ دابین بکرێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ