رووداو دیجیتاڵ
"دووکان بۆ فرۆشتن"، ئەمە نووسراوێکە بە کتێبخانەیەکی دهۆکەوە هەڵواسراوەکە، کە بەهۆی نەبوونی خواست لەسەر کڕینی کتێب، خاوەنەکەی دەیەوێت دووکانەکەی بفرۆشێت و دەڵێ لاوازیی رەوشی دارایی، وایکردووە خەڵک ئەو داهاتەی هەیەتی بۆ کڕینی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان خەرج بکات نەوەک کتێب.
شڤان محەممەد، خاوەنی کتێبخانە لە دهۆک باسی بازاڕی کتێب دەکات لە شارەکەی و دەڵێ کتێب لای خەڵک شتێکی سەرەکیی نییە و، "ئەو داهاتەی هەشیانە مووچەیەکی کەمە، بۆیە خوێنەر ناتوانێت پارەی خۆی بۆ کڕینی پەرتووک تەرخان بکات."
دراوسێی شڤان، ئەواب ئەحمەدە، کە خاوەنی یەکێک لە بەنێوبانگترین کتێبخانەکانی دهۆکە، بازاڕی ئەویش 50٪ کەمبووەتەوە.
ئەواب بە رووداوی گوت 'لە ساڵی 2020ـدا ئێمە 100 کتێبمان چاپکرد، ساڵی 2022 ژمارەکە کەمێک کەمتر بووەوە، بەڵام لە ساڵی 2023ـدا زۆر کەم بووە، دەتوانم بڵێم 'ئەمساڵ ئێمە هەتاوەکو ئێستا (کۆتاییەکانی مانگی 12) هێشتا 50 کتێبمان چاپ نەکردووە.' هەرچەندە هیچ جارێک رێژەکەمان رانەگەیاندووە، بەڵام دەتوانم بڵێم 50٪ کەم بووە."
لە دهۆک، 14 کتێبخانەی تایبەت و کتێبخانەیەکی حکومی هەن. کتێبخانەی بەدرخانییان کە ژمارەی سپاردنیش لەوێ دەردەکرێت، رەوشی بەراورد بە پار و پێرار زۆر جیایە، بەجۆرێک ژمارەی سپاردن زۆر و چاپکردن کەمە.
مەسعود خال گولی، بەڕێوەبەری کتێبخانەی بەدرخانییان بە رووداوی گوت "پار ئێمە 475 ژمارەی سپاردنمان دابوو، ئەمساڵ هەتاوەکو کۆتایی مانگی 11، 536ـمان داوە، بەڵام لەو ژمارەیە چەندیان چاپکراون، نازانین. ئێستا وەشانخانەشمان نەماوە و کتێبخانە بوونەتە وەشانخانە."
بەگشتی، ئەمساڵ لە دهۆک ژمارەی کتێبە چاپکراوەکان نەگەیشتووەتە 100 دانە، هەریەک لەو 100 کتێبانەش، هەزار دانەی لێ چاپ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ