20 مانگە زیادکردنی منداڵ بۆ فۆرمی خۆراک راگیراوە؛ کەی دەستپێدەکاتەوە؟

23-11-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ساڵێک و هەشت مانگە زیادکردنی ناوی منداڵ بۆ فۆرمی خۆراک، هەروەها گواستنەوەی فۆرمەکە راگیراوە. بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر دەڵێت، "لە نزیکترین کاتدا بە شێوەی ئەلیکترۆنی دەکرێتەوە."
 
لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە 5 ملیۆن هاونیشتمانی مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن، بەڵام زیاتر لە ساڵێک و هەشت مانگە ناوی ئەو منداڵانە زیاد ناکرێت کە تازە لەدایک دەبن و هیچ بەشەخۆراکێکیان بۆ دابین ناکرێت.
 
سیامەند قادر نانەكەلی، بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو کارەکانمان راگرتوون، تەنیا سڕینەوەی ناوی مردوو نەبێت، ئەویش بە لیست دەینێرین بۆ بەغدا و خۆیان لایدەبەن."
 
ئەو سیستمەی بەشەخۆراکی مانگانەی پێ دابەش دەکرێت، لە ساڵی 1996ـەوە کاری پێدەکرێت. بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر دەڵێت، "حکومەتی عێراق سەرقاڵی بەئەلیکترۆنیکردنی سیستمەکەیە و هۆکاری راگرتنی کارەکانیش هەر ئەوەیە."
 
سیستمی ئەلیکترۆنی بە جۆرێک دەبێت، هەموو کەسێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ئەپلیکەیشنێکی نێو مۆبایل دەتوانێت لە مۆبایلەکەی خۆیەوە و لە ماڵەوە ناوی منداڵ زیاد بکات، (بەڵام دەبێت دۆکیۆمێنتی پێویست هاوپێچ بکات)، یان فۆرمی خۆراکەکەی بگوازێتەوە، ئەوەش بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر.
 
راگرتنی زیادکردنی ناوی منداڵ و گواستنەوەی فۆرمی خۆراک تەنیا لە هەرێمی کوردستان و هەولێر نییە و لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بەو جۆرەیە.
 
لەبارەی کردنەوەی سیستمەکە نانەکەلی گوتی، "بەدواداچوونی زۆرمان کردووە، دوایین جار لە بەغداوە پێیان گوتین، لە نزیکترین کاتدا کارەکان دەستپێدەکەنەوە."
 
ئێستا تەنیا لە شاری سەماوە، کە ناوەندی پارێزگای موسەننایە لە عێراق، سیستمی ئەلیکترۆنی فۆرمی خۆراک و زیادکردنی ناوی منداڵ کارا کراوە. بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە هەولێر دەڵێت، "لەوێ تاقیکارییە و ئەگەر سەرکەوتوو بوو، لە تەواوی عێراق سیستمەکە کارا دەکرێت."
 
بەشەخۆراکی مانگانە بۆ هەر کەسێک ئەمانەیە؛ 3 کیلۆ برنج، 9 کیلۆ ئارد، کیلۆیەک شەکر، لیترێک رۆنی شل و کیلۆیەک نیسک یان جۆرێکی دیکەی پاقلەمەنی.
 
لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس مانگانە بەشەخۆراک وەردەگرن؛ لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە ملیۆنێک و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس بەشەخۆراک وەردەگرن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە