شارۆچکەیەکی رووها بە جوانترینی باکووری کوردستان هەڵبژێردرا

23-10-2023
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن رووها هالفەتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

جوانترین 20 شارۆچکەی باکووری کوردستان و تورکیا دیاریکران و شارۆچکەی هالفەتی سەر بە پارێزگای رووها لە باکووری کوردستان لە پلەی دووەمە و تاکە شارۆچکەی باکووری کوردستانە لە ریزبەندییەکەدا.
 
لیستی جوانترین شارۆچکەکانی تورکیا رۆژی 22-10-2023 لە کۆبوونەوەی هاوئاهەنگیی ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیدا راگەیێندرا. 
 
لیژنەکە زیاتر شوێنە گەشتیارییەکان و رەزامەندیی گەشتیارانی کردووەتە پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی ئەو شارۆچکانە. شارۆچکەی سەفەری هیساری سەر بە پارێزگای ئیزمیر لە رۆژئاوای تورکیا لە پلەی یەکەمدایە؛ شارۆچکەی هالفەتیی پارێزگای رووهای باکووری کوردستان لە پلەی دووەم و شارۆچکەی پەرشەمبەش کە سەر بە پارێزگای ئۆردووی تورکیایە سێیەمە. 
 
پارێزگاکانی ئیزمیر، ئەنتاڵیا و موغڵا لە رووی ژمارەی شارۆچکەکانیان لە رکابەریدان. لەو 20 شارۆچکەیەدا چواریان کە بریتین لە سەفەری هیسار، فۆچا، چەشمە و ئورڵا دەکەونە پارێزگای ئیزمیر. سێیان دەکەونە پارێزگای ئەنتاڵیا کە بریتین لە کەمەر، کاش و ئاڵانیا. سێی دیکەیان دەکەونە پارێزگای موغڵا کە بریتین لە بۆردووم، مارماریس و فەتحیە. 
 

مێژووی شارۆچکەی هالفەتی
 
بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان؛ هالفەتی ساڵی 855ـی پێش زایین لەلایەن پاشای ئاشووری سەلمان ئاسەری سێیەم ئاوەدان کراوەتەوە. ئەو شارە بە درێژایی مێژوو لە ژێر فەرمانڕەوایی ئاشووری، هیتی، ماد، فارس، ئیمپراتۆریەتی مەقدۆنی، ئیمپراتۆریەتی سەلەوکی (سلوکی) و ئیمپراتۆریەتی ئەشکانی (پارسیان)ـدا بووە. 
 

ناوی شارۆچکەی هالفەتی
 
یۆنانییەکان پێیان دەگوت ئوریما؛ سووریانییەکان بە قەڵای رۆمی ناویان دەبرد؛ هەروەها سەرچاوە مێژوویی و دەستنووسەکان دەریدەخەن کە لە سەردەمی ئیمپراتۆریی رۆمانیدا ناوی هالفەتی، ئۆرسهۆین بووە.
 
لە سەدەی دووەمی زایینیدا کاتێک هالفەتی کەوتە دەستی بیزەنتییەکان، ناوەکەی بۆ رۆمایۆن کۆیلا گۆڕدرا.
 
ئەگەرچی پارێزگای رووها لە سەردەمی عومەری کوڕی خەتابدا کەوتە ژێر دەسەڵاتی مسوڵمانان، بەڵام شارۆچکەی هالفەتی وەکو ناوچەیەک بە ناوی (قەڵای رۆمی) لە دەرەوەی دەسەڵاتی مسوڵمانان مایەوە. تەنانەت لە سەردەمی ئەمەوی، عەباسی، سەلجووقی و ئەیوبییەکانیشدا ئەو دۆخە درێژەی کێشا.
 

گەشتیاری لە شارۆچکەی هالفەتی
 
شارۆچکەی هالفەتی، رووبەرەکەی 646 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی 41 هەزار کەسە.
 
شارۆچکەی بیرەجیکیش رووبەرەکەی 852 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و ژمارەی دانیشتووانی 95 هەزار کەسە. بەهۆی دروستکردنی بەنداوی بیرەجیک، ساڵی 2000 نیوەی شارۆچکەی هالفەتی کەوتە ژێر ئاو و حکومەت لە دووریی 15 کیلۆمەتر لە شارۆچکە کۆنەکەوە، هالفەتیی نوێی بنیاتنا. لەوکاتەوە ئەو بەشەی کەوتووەتە ژێر ئاو کە منارەی مزگەوت و بەشێک لە خانووەکانی ئێستاش دیارن، بوونەتە جێگەی سەرنجی گەشتیاران. گەشتیاران دەتوانن بە هاوکاریی تیمی تایبەت، بڕۆنە نێو زێی فورات و شارۆچکەی دێرینی هالفەتی ببینن. جگە لەو شوێنەش هالفەتی چەندین ناوچەی دیکەی گەشتیاری هەیە. 

 

 
هالفەتی تاکە شوێنی جیهانە کە گوڵی رەشی لێ دەڕوێت
 
لە مانگەکانی نیسان و ئایاری هەموو ساڵێکدا لە شارۆچکەی هالفەتی گوڵی رەش دەڕوێت. ئەم جۆرە گوڵە تایبەتە بەو شارۆچکەیەی باکووری کوردستان.
 
رۆژی 17-3-2021 گوڵی رەش لەلایەن فەرمانگەی پاتێنتی تورکیا وەکو براندی هالفەتی تۆمارکرا. ساڵانە گەشتیاران بۆ بینینی گوڵی رەش سەردانی شارۆچکەکە دەکەن. لەو وەرزەدا گوڵی رەش لە هالفەتی دەفرۆشرێت و مرەبای تایبەت بەو گوڵەش بە تایبەت لە فرۆشگەکاندا دەستدەکەوێت. 
 
زنجیرە درامای گوڵی رەش
 
لە شارۆچکەی هالفەتی زنجیرە درامایەک بە ناوی 'گوڵی رەش' بەرهەمهێندراوە. ساڵانی 2013-2016 ئەو زنجیرە درامایە لە کەناڵی فۆکس پێشکێشکرا و لە باشووری کوردستانیش وەرگێڕدرایە سەر زمانی کوردی و پێشکێشکرا.
 
موراد ساراجئۆغڵو، دەرهێنەری زنجیرە دراماکە ساڵی 2016 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەبەرئەوەی گوڵی رەش تایبەتە بە هالفەتی، بۆیە ئەو ناوەمان بۆ زنجیرە دراماکەمان هەڵبژارد، کە هەر لە هالفەتی کاری وێنەگرتنەکەی بۆ کرا. بیستوومانە لە کوردستانیش هەواداری دراماکەمان هەن و ئەمە دڵخۆشمان دەکات."
 

دیمۆگرافیای هالفەتی
 
شارۆچکەی هالفەتی زۆرینە کوردە، بەڵام عەرەب و تورکمانیشی لێ دەژین. زۆر جار ئەو شارۆچکەیە بە نموونەی پێکەوەژیان دەناسرێت. لە سنووری شارۆچکەکەدا 36 گوند هەن کە 30 گوند کوردنشین و 6 گوندیش زۆرینە تورکماننشینن. کورد و تورکمانی ئەو ناوچەیە تێکەڵن و ژن و ژنخوازیی زۆریش لە نێوانیاندا هەیە. هەروەها ئەو عەرەبانەی لە ناوەندی شارۆچکەکە دەژین، لەگەڵ کورد و تورکمانەکان زۆر تێکەڵن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.