هاوردەکردنی تەماتە، پەتاتە و شووتی قەدەخەکرا

23-09-2023
نازەنین گۆران
نیشانەکردن شووتی تەماتە پەتاتە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بڕیاردرا لەسەر قەدەخەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی (تەماتە، پەتاتە و شووتی) لە دەروازە و مەرزەکانی سنووری ناوەڕاست و خوارووی عێراق. 
 
رۆژی شەممە 23-09-2023 بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەپێناو پاڵپشتیی جووتیاران و پارێزگاریکردن لە بەروبوومە خۆماڵییەکانی هەرێمی کوردستان، دوابەدوای نووسراوی داواکاری وەزارەتمان و هەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاری ئابووریدا، بڕیاردرا بە قەدەخەکردنی هاوردەکردنی بەرهەمەکانی (تەماتە، پەتاتە و شووتی) لە دەروازە و مەرزەکانی سنووری ناوەڕاست و خوارووی عێراق."
 
بەگوتەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، "ئەو هەنگاوە گرنگە وا دەکات بەردەوامبین لەسەر هەماهەنگی و بەیەکەوە کارکردن بۆ یەکخستنی (رۆژنامەی کشتوکاڵی) لەپێناو رەخساندنی بەرژەوەندی و سوودی گشتیی جوتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق."
 
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت، "هیوادارم جووتیاران سوود لەم بڕیارە وەربگرن و ببێتە مایەی کارئاسانی و ساخبوونەوەی بەرهەمەکانیان و دابینکردنی پێویستییەکانی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق."
 
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگوێرەی رێککەوتنەکانمان لەگەڵ بەغدا، کۆمەڵێک بەروبووم هەن کە ئێمە دەتوانین پێداویستی عێراقیشی پێ پڕبکەینەوە، بۆیە پێویست ناکات هەناردە بکرێت، لە چوارچێوەی رۆژنامەی کشتوکاڵی هەموو ئەو بەروبوومانە باسکراون کە سێ لەوانە، پەتاتە، شووتی و تەماتە هەناردە دەکران، بەڵام دوای نووسراوی وەزیر، هەناردەکردنیان راگیرا."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێت، "چەندین بەروبووم هەن کە لە پێویستیی نێوخۆیی زیاترن، بۆ نموونە؛ 400 هەزار تۆن پەتاتەمان زیادە، بۆیە لە چوارچێوەی رۆژنامەی کشتوکاڵیدا بە عێراقمان گوتووە؛ هەندێک بەروبووم هەن ئێمە دەتوانین پێداویستی نێوخۆیی بازاڕەکانی عێراقیش پڕبکەینەوە، بۆیە پێویست بە هاوردەکردنی ناکات، ئەوانیش گوتیان تاوەکو ئەو کاتە بتوانن بۆمان دابین بکەن، هاوردەکردنی ئەو بەروبوومانەی لە هەرێمی کوردستان دەستدەکەون، قەدەخە دەکەین."
 
هیوا عەلی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەو بڕیارە لەبەرژەوەندیی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە بۆ ئەوەی ئەو بەروبوومانەی لێیان زیادە، لە بازاڕەکانی عێراقیش ساخی بکەینەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە