چاودێریی کۆمەڵایەتیی گەرمیان: ژنانی هەڕەشەلێکراو تەنیا 72 کاژێر لە لامان داڵدەدەدرێن

23-09-2023
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
نیشانەکردن توندوتیژی ژنانی هەڕەشەلێکراو گەرمیان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان رایدەگەینێت، تاکە شێڵتەری داڵدەدانی ئافرەتان لە گەرمیان کاتییە و هێشتا باڵەخانەی تایبەت بە خۆی نییە، دەشڵێت، لە سنووری گەرمیان "نزیکەی شەش هەزار" نیڤشکان سوودمەندن لە هاوکاریی تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی.
 
ژیلوان عادل شوکر، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو، رایگەیاند 'لە سنووری ئیدارەی گەرمیان یەک شێڵتەری تایبەت بۆ داڵدەدانی ژنان و کچانی هەڕەشەلێکراو هەیە، بەڵام شێڵتەرەکە کاتییە و بۆ ماوەی 72 کاژێر کەسی هەڕەشەلێکراو لەخۆی دەگرێت، "دواتر دادگە بڕیار لە کەیسەکەی دەدات یان رەوانەی شێڵتەرەکانی سلێمانی دەکرێن."
 
بەپێی ئامارێکی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو مانگی ئەیلوول، 28 کەیسی 'تووندوتیژیی خێزانی' رەوانەی شێڵتەرەکە کراون کە 24 ژن و چوار منداڵ بوون.
 
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان گوتیشی، "داوامان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کردووە باڵەخانەی تایبەت بە شێڵتەری گەرمیان دروست بکرێت، وەزارەتیش رەزامەندە بکرێتە بەڕێوەبەرایەتییەک، بەڵام گرفتی نەبوونی پارە و بودجە رێگرە تاوەکو ئێستا."
 
رۆژی 17ـی ئابی 2023، هەوراز عەبدولقادر، بەڕێوەبەری تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە دیوانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە رادیۆی رووداوی گوت، "لە کۆی 20 هەزار کەس، نزیکەی 15 هەزار کەمئەندام [نیڤشکان] سەردانی لیژنەی تایبەتمەندیان کردووە بۆ پشکنینی رێژەی کەمئەندامییان."
 
ژیلوان عادل شوکرد دەڵێت "تاوەکو ئەو وادەیەی دیاریکرابوو (15ـی ئاب)، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، هەزار و 435 خاوەن پێداویستیی تایبەت لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە بینراون و ناوەکانیان نێردراوە بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی."
 
گوتیشی "لەسنووری ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی شەش هەزار خاوەن پێداویستیی تایبەت کۆمەک لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن و بە بەردەوامیش کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت سەردانمان دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە تۆڕەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی تۆماربکەن."
 
بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە گەرمیان خانەیەکی تایبەتیان بۆ بەساڵاچووان و بێسەرپەرشتان ماڵی حاجی ئاهوو هەیە، کە لەلایەن خێرخوازێکەوە دروستکراوە و، ئێستا 22 کەسی لەخۆگرتووە کە 12 بێسەرپەرشت و 10 بەساڵاچوون.
 
رۆژی 19ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی بە رادیۆی رووداوی گوت "لە ساڵی 2013، ئەو کاتە لای ئێمە 65 کەسی ئۆتیزم تۆماربوون، بەڵام لەماوەی 2013 تاوەکو ئێستا، 651 منداڵی نوێ تۆمارکراوە کە ئۆتیزمن."
 
بە گوتەی ژیلوان عادل، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی گەرمیان "بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، نزیکەی 300 منداڵی ئۆتیزم هەن، مۆڵەت بە پێنج سەنتەری ناحکومی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم دراوە و، ئێستا سەرقاڵی کردنەوەی سەنتەرێکی حکومین لە قەزای کفری، پاشان لە کەلار سەنتەری حکومی بکەینەوە."

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

مەسرور بارزانی لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسێکی پارتی: هەر کەسێک لە پشتیەوە بێت رووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەوڵی "تیرۆرکردن"ـی ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنە دەکات و دەڵێت، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان هەوڵی ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدەن".