رووداو - هەولێر
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستیکردووە بە پرۆژەی لێدانی 40 بیر لەنێو زبڵخانەی کانی قرژاڵە لە پێنج کیلۆمەتری هەولێر، لەو ژمارەیە تاوەکو ئێستا 13 بیری 8 بۆ 15 مەتری لێدراون؛ دەبێت پرۆژەکەش تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە تەواوبێت.
ژیار جەلال، بەرپرسی هۆبەی پاککردنەوە و خزمەتگوزاری ئاماژە بەوە دەکات کە بۆ نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی ئەو زبڵخانەیە، پارێزگاریکردن لە ژینگەی هەولێر و دانیشتووانی دەوروبەری هەولێر، بیرەکان لێدراون؛ هەروەها بۆ رێگریکردن لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە.
گوژمەی پرۆژەکە 48 ملیۆن دینارە و لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر بۆ جێبەجێکردنی تەرخانکراوە.
17 ساڵە دانیشتووانی کۆمەڵگەی کانی قرژاڵە بەدەست ئەو زبڵخانەیەوە هەراسانبوون، ئەوان لێدانی بیر بۆ کەمکردنەوەی دووکەڵ و بۆنی ناخۆش بە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە نازانن.
ئازاد سابیر کە کاسبکارە پێیوایە لێدانی بیرەکان هیچ سوودی نییە، چونکە بۆنەکە هەر دێت و دەڵێت، دەبێت چارەسەری دیکەی بۆ بدۆزرێتەوە.
دووەم جارە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لەنێو زبڵخانەی کانی قرژاڵە بیر لێبدات، لە ساڵی 2018دا 30 بیری لێداوە و ئێستاش بەنیازی لێدانی 40 بیری دیکەیە، بە لێدانی ئەو ژمارە بیرانە جگە لە دەرکردنی غازی میسان، چەند جۆرێک غازی دیکەش بە هەوادا بڵاودەبنەوە و دەبێتە هۆکاری دروستبوونی نەخۆشیی مەترسیدار.
د. دلێر کوردە، سەرۆکی بەشی کیمیا لە زانکۆی سەڵاحەددین ئاماژەی بەوە کرد، غازی میسان 25٪ زیادیکردووە، ئەمەش وایکردووە دوانەئۆکسیدی کاربۆن زیادببێت و پلەکانی گەرما بەرزببنەوە و رێژەی ئۆکسجین کەمببێتەوە، ئەو غازانەش جگە لەوەی کاریگەریی لەسەر کەشوهەوا هەیە، کاریگەریی لەسەر دروستبوونی نەخۆشییش هەیە.
لە ساڵی 2003وە تاوەکو ئێستا خۆڵ و خاشاکی هەولێر لەم زبڵخانەی کانی قرژاڵە کۆدەکرێتەوە و ژێرخاک دەخرێت، زبڵخانەکە 300 دۆنمی پڕبووەتەوە لە خۆڵ و خاشاک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ