رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هیچ سنوورێکی خەرجکردنی پارە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ بەربژێران لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیارینەکراوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەوەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی یەکی ساڵی 1992ـی هەموارکراو هیچ دەق و ماددەیەکی تێدا نییە بڕی ئەو پارەیە دیاری بکات کە دەتوانێت لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن خەرجی بکات، بۆیە ئێمەش لە کۆمیسیۆن هیچ سیستەمێکی تایبەت بەو بابەتەمان نییە."
جومانە غەلای گوتی: "سنووری ئەو پارەیەی بۆ هەڵبژاردن دیاری دەکرێت بە کراوەیی دەمێنێتەوە و هیچ بڕێک دیاری ناکرێت بۆ بەربژێر بۆ ئەوەی لە ماوەی بانگەشە خەرجی بکات."
هۆگر چەتۆ، سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان بە رووداوی گوت: "ئەگەری هەیە کۆمیسیۆن لە داهاتوودا سیستمێکی تایبەت بۆ ئەو مەبەستە دەربکات و بڕی ئەو پارەیەی کە بەربژێران دەتوانن خەرجی بکەن، دیاریبکات."
سەرۆکی تۆڕی شەمس بۆ چاودێریی هەڵبژاردنەکان پێیوایە، ئەگەر سنوورێک بۆ خەرجکردنی پارە لەلایەن بەربژێرانەوە دانەنرێت، "هەڵبژاردن یەکێک لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەدەستدەدات کە رەخساندنی دەرفەتی یەکسانە لەبەردەم بەربژێران بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە دەنگدەر."
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە ساڵی رابردوو بەڕێوەچوو، کۆمیسیۆن 250 دیناری بۆ هەر دەنگدەرێک لەو بازنەیەی بەربژێرەکە خۆی تێدا بەربژێر کردبوو، دیاریکردبوو. واتە هاوپەیمانێتی یان حیزب دەتوانێت لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا خەرجی بکات.
رۆژی 26ـی مانگی رابردوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی هەرێمیی ژمارە 222ـی ساڵی 2024 تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دەرکرد و رۆژی 20-10-2024 بە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
18ـی تەممووز تۆمارکردنی ناوی بەربژێرەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات. زیاتر لە هەزار بەربژێر خۆیان لە کۆمیسیۆن تۆمارکردووە.
دوو هاپەیمانی و 13 حیزب بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکەن،19 کەس لە پێکهاتەی کریستیان خۆیان بەربژێر کردووە، لە هەولێر 7 کەس، لە سلێمانی 4 و لە دهۆک 8 کەس.
هەروەها 20 کەسیش لە پێکهاتەی تورکمان خۆیان بەربژێرکردووە کە بەمشێوە دابەشبوون؛ هەولێر 14 کەس و سلێمانی 6 کەس، جگە لەوە 85 کەسیش وەکو سەربەخۆ خۆیان بەربژێر کردووە کە کۆی گشتییان دەکاتە 139 لیست و بەربژێر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ