گوتەبێژی پارتی: دەرگامان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کراوەیە

23-07-2023
هیدایەت جان
کۆبوونەوەی پێشووی پارتی و یەکێتی لە پیرمام.
کۆبوونەوەی پێشووی پارتی و یەکێتی لە پیرمام.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانی ئاگادارکردووەتەوە کە لە 18ـی شوباتی ساڵی داهاتووەوە ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکان و گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێت، ئێستا کە ماوەتەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردن دیاریبکات، "پێویستمان بە لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بە باشی بەڕێوەبچێت و پارتی هیچ مەرجێکی نییە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ هیج لایەنێک".
 
رۆژی یەکشەممە، 23ـی تەممووزی 2023 مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند؛ "دەبێت پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چارەسەر بکرێت، ئێستا کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق خەریکی ئامادەکارییەکانە و بڕیارە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش وادەیەک بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان دیاریبکات".
 
لەبارەی کۆبوونەوەی سێیەمی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، مەحمود محەممەد گوتی: "هێشتا بەرنامەیەک بۆ ئەم کۆبوونەوەیە دانەنراوە، ناوەرۆکی دوو کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ یەکێتی قسەی باشیان تێداکرا، بەڵام لەسەر هەندێک هۆکار ئێستا کۆبوونەوەکان وەستاون و بەرنامەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانیش تاوەکو ئێستا دیاری نەکراوە".
 
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت؛ "هەموو ئەو کۆبوونەوانەی لەم دواییانە کردوومانن، ئامانجمان لێی ئەوە بووە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بکرێت، ئێستاش کە بابەتەکە لای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردنەکە دیاریدەکات، پێویستمان بە لێکنزیکبوونەوەی لایەنەکانە بۆ ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردن بە باشی بەڕێوەبچێت".
 
سەبارەت بە پێکهێنانی هاپەیمانێتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، مەحمود محەممەد ئاماژەیدا؛ "پارتی ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق کردووە، کۆبوونەوە بۆ پێکهێنانی لیستی هاوبەشیش کراون و بڕیاریان تێدا نەدراوە کە حیزبەکانی دیکە چۆن بەشداری تێدا بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق لە هەرێمی کوردستان پێکنەهاتووە".
 
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لە دەستپێکردنی سەردانەکانیان بۆلای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و دووپاتیکردەوە؛ "تاوەکو ئێستا دوو گەڕی لەدوای یەکی سەردانەکانمان بۆلای لایەنە سیاسییەکان ئەنجامداوە، دەرگاشمان کراوەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەموو لایەنەکان گفتوگۆ بکەین، هیچ هێڵێکی سووریشمان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هیچ لایەنێک نییە".
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."