رووداو دیجیتاڵ
سێ رۆژ بەسەر تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ تێدەپەڕێت و هێشتا کەلوپەل و پاشماوەی گەشتیاران لە شوێنەکە ماونەتەوە، بەشی زۆری ئەو کەلوپەلانەی کە لەوێ ماونەتەوە، جل و بەرگ و یاریی منداڵانن.
شڤان عەبدی، دانیشتووی گوندی پەرەخ بە رووداوی گوت، "چوار تۆپ بەر سنوورەکە کەوتووە، دوو تۆپ لەنێو شوێنە گەشتیارییەکە کەوتەخوارەوە و پارچەی تۆپەکان بەر هەموو شوێنێک کەتووە، زیانێکی زۆر بە شوێنەکە کەوت و خەڵکێکی زۆریش کوژران و بریندار بوون."
تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە، بەڵام هێشتا هیچ ئەنجامێکی رانەگەیێندراوە، هاوکات شوێنە گەشتیارییەکە بۆ ماوەیەکی کاتی داخراوە و دیارنییە کەی بەڕووی گەشتیاران دەکرێتەوە.
دلشێر عەبدولستار، بەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار باسی لەوە کرد، "بڕیاری کۆتایی لەدەستی ئەواندایە و ئێمەش لەگەڵ ئەوان چاوەڕێ دەکەین، ئەگەر شتێک پێویست بوو، ئێمە شوێنەکانمان داخستووە تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکان تەواو دەبێت."
دوو ساڵە ئەو شوێنە گەشتیارییەی گوندی پەرەخ کراوەتەوە و گەشتیاران رووی تێدەکەن. پەرەخ تاکە گوندی ئاوەدانە لە ناوچەکانی شەڕ لە دەڤەری سندییەکان لە سنووری ئامێدی، بۆ ماوەی سێ هەفتەیە بەردەوام سنووری گوندەکە تۆپباران دەکرێت.
عەبدوڵڵا تەتەر، جووتیارە و دەڵێت، "کاژێر نۆ بوو هاتمە ژێر سێبەری ئەم دیوارە دانیشتم، دەنگێکی بەهێز بەسەر سەرمدا رۆیشت، کە چوومەوە ماڵ منداڵەکان گوتیان لەبەر دەرگای ماڵی ئێمە کەوتە خوارەوە، من لە دەرەوە بووم، باش بوو ئەو کاتە چوومە دەرەوە."
شڤان عەبدی، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی پەرەخە و باس لەوە دەکات، "پێشتر تەنیا تۆپیان ئاراستەی چیا دەکرد، گوتمان هیچ نییە و مەترسیی نییە، بەڵام رۆژێک لەناکاو بەهەرەمەکی تۆپیان لە نزیک گوندی دا."
لەکۆی 62 گوندی ناحیەی دەرکار لە سنووری ئامێدی، 33 گوند بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیاوە چۆڵکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ