رووداو دیجیتاڵ
باوکی خواناس وریا دەڵێت، "نامانەوێت کەس گومان لەسەر ناسنامەی ئایینیمان و پابەندبوونمان بە ئایینەوە بۆ دروست بکات. کوڕەکەمان هەر بیڕوبۆچونێکی هەبووبێت، بە هەڵچوونی گەنجی و کاتیمان زانیوە و ئامۆژگاریی بەردەوام کراوە و چەند مانگێک بوو لەسەرخۆ رووەو قەناعەتی جارانی ئاراستەی وەرگێڕابوو؛ دڵمان خۆش بوو بەوەی لەو بارەیەشەوە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخسا."
رۆژی هەینی، 23-06-2023، باوکی خواناس وریا لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "22ـی حوزەیران دەوروبەری کاژێر 5:30 خولەک و بە رۆژی رووناک بە بەرچاوی خەڵکەوە لەناو ئاپۆڕای بازاڕی شاری چەمچەماڵ بە دەستڕێژی گولـلە کوڕەکەمان تیرۆرکرا. ئەمە بەلای ئێمەوە کارێکی ناڕەوا و بێ پاساوە، بۆیە بە بیستنی هەواڵەکە تووشی شۆک بووین. چۆن دەکرێت لەناو قەرەباڵخیی ئاپۆڕای بازاڕی شار بە رۆژی رووناک بە بەرچاوی خەڵکەوە کەسێک دەستی بچێتە خوێنی کوڕەکەمان."
هەر ئەمڕۆ وریا نازم، باوکی خواناس لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداودا میوان بوو و رایگەیاند، "ئەم ئێوارەیە هەواڵی دەستگیرکردنی تاوانبارەکەمان پێ گەیشت. سوپاسی بنەماڵەی تاوانباریش دەکەین کە هاوکار بوون لە رادەستکردنی تاوانبار."
باوکی خواناس داوای کرد یاسا رێچکەی خۆی بگرێت و کەیسەکە بەشێوەیەکی یاسایی بەرێوەبچێت و گوتی، "دوو رۆژ پێش شەهیدکردنی گەڕاوەتەوە. لەماوەی ئەو دوو رۆژەدا زۆر گۆڕانکاری بەسەر هاتبوو، تەنانەت بە دایکی گوتبوو من پێش ئێوە دەچمە بەهەشت، چونکە لە هەمووتان زیاتر خودام خۆش دەوێت؛ ئەوەش مژدەیەکی خۆشە بۆ ئێمە."
کاژێر 05:50ـی ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، 22ـی حوزەیرانی 2023، لە نێوەڕاستی بازاڕی گشتیی قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ماتۆڕسوارێک دەستڕێژی گولـلەی لە گەنجێکی تەمەن 25 ساڵان بەناوی خواناس وریا کرد و کوشتی.
وریا نازم باوکی خواناس بە ناوی بنەماڵەکەیان لە روونکردنەوەکەدا چەند خاڵێک بۆ رای گشتی بەمشێوەیە دەخاتەڕوو:
- بنەماڵەی ئێمە بنەماڵەیەکی ئایینی و رۆشنبیری دیاری شاری چەمچەماڵ و دەڤەری کەرکووکە جگە لە دەستی خزمەت لە شارەکە، لە هیچ کاتێکدا هیچ خراپە و کێشەیەکمان بۆ هیچ کەس نەبووە و کێشەمان لەگەڵ کەسدا نییە و لەگەڵ ئەم کوڕە و بنەماڵەکەشیدا هیچ کێشەیەکمان نەبووە.
- ئەو کوڕە کوڕی ئێمەیە و حاشای لێناکەین. ئێمە وەک خانەوادە شانازی دەکەین بە پابەندبوونمان بە ئایینی ئیسلامەوە؛ نامانەوێت کەس گومان لەسەر ناسنامەی ئایینیمان و پابەندبوونمان بە ئایینەوە بۆ دروست بکات. کوڕەکەمان هەر بیروبۆچونێکی هەبووبێت، بە هەڵچوونی گەنجی و کاتیمان زانیوە و ئامۆژگاریی بەردەوام کراوە و چەند مانگێکە لەسەرخۆ رووەو قەناعەتی جارانی ئاراستەی وەرگێڕابوو و دڵمان خۆش بوو بەوەی لەوبارەیەشەوە ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو دەرفەتەی بۆ نەڕەخسا.
- کوڕەکەمان هەر جۆرە بیرکردنەوەیەکی هەبێت تازە حیسابی لەدنیادا پێچراوەتەوە بۆ قیامەت. ئێستا ئەسپەردەی لای خودایە و نزامان لێخۆشبوونیەتی لای پەروەردگار.
- جەخت لەوە دەکەینەوە دوای ئەوەی ئەمڕۆ رێکاری یاساییمان گرتەبەر، ئێستا ئەم کەیسە یاساییە و لە دەست پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانە. بۆیە هیوادارین ئەوان بە ئەرکی سەرشانی خۆیان هەڵبستن هەر رێکارێکی یاسایی هەیە بیگرنەبەر. ئێمە کەیسەکەمان داوەتە دەست یاسا و داواکارین یاسا دادپەری بۆ خاوەن ماف بگەڕێنێتەوە، لەتازەترین پێشهاتیشدا ئاگادارکراوینەتەوە کە رادەستی ئاسایش کراوە.
- سەبارەت بەوەی کە هۆکاری رووداوەکە چییە، ئێمە هیچ شتێک لە خۆماندا شک نابەین و هیچ کێشەیەکی کۆمەڵاییەتیمان نییە، ئەوە پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکانە پێویستە لێکۆڵینەوە بکەن و هۆکارەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن.
- تکامان وایە لە هەموو لایەک بە تایبەت دەزگاکانی راگەیاندن، ماڵپەڕ، پەیچ، ئەکاونت و کەناڵەکانی سۆشیاڵ میدیا، لە خۆوە لێدوان و راپۆرتی بێ زانیاری بڵاونەکەنەوە، هێندەی تر رووحی برینداری ئێمە ئازار مەدەن.
- ئێمە ئەم رووداوە بە تیرۆرێکی بێ پاساو و کوشتنێکی ناڕەوا دەزانین، لە هەمان کاتیشدا پێمان وایە وەڵامی گوتن و قسە بە فیشەک نادرێتەوە، ئەمە ئەگەر پاساوێکی وەها بوونی هەبێت کە ئێمە ئاگاداریی نین.
رۆژی هەینی، 23-06-2023، رەمک رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ بە رووداوی گوت، "دوای ئەوەی لەنێو بازاڕی چەمچەماڵ کەسێک بە ناوی خواناس وریا کوژرا، لەژێر فشاری هێزە ئەمنییەکان تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکان کرد."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ