رووداو دیجیتاڵ
تۆم باراک، نێردەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و سووریا، لەگەڵ دەرباز کۆسرەت رەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و داهاتووی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.
رۆژی چوارشەممە 11-11-2026 لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، تۆم باراک وێنەی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: "ئەمڕۆ دەرباز رەسووڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و ئەحمەد موفتی، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەبارەی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەشداربوون لەگەڵم."
باراک ئاماژەی بە پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ قەوارەی هەرێمی کوردستان کردووە و نووسیویەتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە هەرێمێکی بەهێز و یەکگرتووی کوردستان دەکات کە رەنگدانەوەی هەمەڕەنگیی هەرێمەکە بێت."
لەبارەی رێگەکانی گەیشتن بە یەکڕیزیی بەردەوامیش، باڵیۆز باراک نووسیویەتی: "وەک لە گفتوگۆکەماندا باسمان کرد، یەکڕیزیی بەردەوام تەنیا لە رێگەی شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان، بەهێزکردنی حکومەتی خۆجێیی، بەهێزکردنی دامەزراوەکان و برەودان بە شەفافیەتی زیاتر بەدەستدێت."


