فراکسیۆنی یەکێتی: کۆمیسیۆن کارا نەکراوەتەوە و شتێک نییە بە ناوی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران

23-05-2023
ئەکرەم فەرەج
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ نووسراوی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاراكرنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان گەیشتە ‏كۆمیسیۆن، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "ئێمە و پارتی رێککەوتنمان هەیە کە تاکلایەنە بڕیار نەدەین و ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمان روویدا پێچەوانەی رێککەوتنەکان بوو." دەشڵێت، "کۆمیسیۆن کارا نەکراوەتەوە و شتێک نییە بە ناوی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران."

ئەمڕۆ سێشەممە، 23-5-2023، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران کارانەکراوەتەوە و شتێک نییە بە ناوی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران. هەڵگرتن و کۆتاییهاتنی دانیشتنی پەرلەمان لە دەسەڵاتی سەرۆکی پەرلەمانە و لەدوای قسەکانی سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە نەبووە و ئاژاوە هەبوو."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: "دوێنێ سەرۆکی پەرلەمان کۆتایی بە دانیشتنەکە هێنا و شتێک نییە بە ناوی دانیشتنی پەرلەمان و ئەوەی لە پەرلەمان روویدا پێچەوانەی رێککەوتنەکانی پارتی و یەکێتی بوو."
 
زیاد جەبار لەبارەی کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان گوتی: "لە کۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمان کۆمیسیۆن کارا نەکراوەتەوە و دەبێت لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ پارتی و لایەنەکان کۆببینەوە."
 
ئەو قسانەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، هەندرێن محەممەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ‏راپرسیی هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ ‏سێشەممە بۆ كاراكرانەوەی كارەكانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ‏هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی كوردستان نووسراوی فەرمیی پەرلەمانی ‏كوردستان گەیشتووەتە دەستیان و گوتی: "ئێمە كار بەو نووسراوە دەكەین ‏لە هەفتەی داهاتووە دەست بە ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردن دەكەین".‏
 
ناردنی ئەو نووسراوە لە کاتێکدایە، "کاراکردنەوە"ـی کۆمیسیۆن لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان مشتومڕی ناوەتەوە، پارتی دەڵێت کۆمیسیۆن بە دەنگی 58 پەرلەمانتار کارا کراوەتەوە، هەرچی یەکێتییە دەڵێت: کۆمیسیۆن کارا نەکراوەتەوە، چونکە سەرۆکی پەرلەمان بە پشتبەستن بە مادە 18ی پەیڕەوی ناوخۆ دانیشتنەکەی کۆتایی پێهێناوە.
 
ماوەی یاسایی ئەندامێتیی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی 23-12-2019ـەوە تەواو بووە، بۆیە تاوەکو کۆمیسیۆن کارا نەکرێتەوە، ناتوانێت سەرپەرشتیی هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن بکات.
 
ئەندامانی کۆمیسیاران پێکدێن لە هەندرێن محەممەد ساڵح، سەرۆک- پارتی، عەلی ساڵح مەحموود -پارتی (سوێندی یاسایی نەخواردووە)، نەهرۆ سەلیم حەنا -یەکێتی، سلێمان مستەفا حەسەن -یەکێتی، رێزان حەمەڕەشید کەریم -گۆڕان، عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵڵا -گۆڕان، شێروان زرار نەبی -کۆمەڵ، ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقادر -یەکگرتوو و، کامەران نەشئەت بەکر -تورکمان (سوێندی یاسایی نەخواردووە).
 
پێشتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان رۆژی 18-11-2023 وەك رۆژی ‏هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد، کۆمیسیۆنیش دەڵێت شەش مانگ کاتی پێویستە تاوەکو ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن تەواو بکات.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە