رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای پەیوەندییەکانی ئاسیاسێڵ رایگەیاند، بەسەرکەوتووییەوە نوێکردنەوەی گشتگیری سیستمی پشتگیریکردنی کارەکانی (BSS)ی تەواو کردووە. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پلانی ستراتیژیی کۆمپانیاکە بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی و بەرزکردنەوەی ئامادەیی تەکنیکی هاتووە، تاوەکو بتوانێت خزمەتی ملیۆنەها بەشداربووی بە باشترین شێوە بکات.
ئاسیاسێڵ رایگەیاندووە، لە رۆژی هەینی، 11ـی نیسان، لەکاتی جێبەجێکردنی پڕۆسەی نوێکردنەوەکەدا، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پەیوەندییەکانی بێبەرامبەر و بێ کۆنترۆڵ پێشکەش بە سەرجەم بەشداربووانی کردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانێکی تەکنیکیی تۆکمە بووە بۆ تەواوکردنی کارەکان بەبێ گیروگرفت.
عامر سونناع، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاسیاسێڵ رایگەیاند: "ئەمڕۆ ئاهەنگ دەگێڕین بەبۆنەی سەرکەوتنێکی ستراتیژییەوە کە شوێنی ئاسیاسێڵ پتەوتر دەکات لە پێشەنگی وەرچەرخانی دیجیتاڵیدا. نوێکردنەوەی سیستمی پشتگیریی کارەکان (BSS)، پابەندییەکانمان دەچەسپێنێت بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی پێشکەوتوو و ئامادەیی تەواومان دەسەلمێنێت بۆ خستنەبەردەستی نەوەی پێنجەم (5G)".
سونناع ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سیستمە نوێیە بەشێکە لە پابەندبوونی بەردەوامی کۆمپانیاکە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی دیجیتاڵی باشتر لە عێراق و پتەوکردنی ژێرخانی پەیوەندییەکان کە خزمەتی نزیکەی 20 ملیۆن بەشداربوو دەکات.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی ئاسیاسێڵ، تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی سیستەمە نوێیەکە بریتین لە:
پلاتفۆڕمێکی یەکگرتوو: سیستمەکە رووماڵی گشتگیر بۆ سەرجەم بەشداربووان دابین دەکات و خزمەتی هێڵەکانی پریپەید و پۆستپەید لە رێگای رووکارێکی کارپێکردنی یەکگرتووەوە پێشکەش دەکات.
خێرایی خستنەبەردەستی ئۆفەرەکان: ئاسیاسێڵ دەتوانێت خزمەتگوزاریی بازرگانی لە چەند کاژێرێکی کەمدا بخاتە بەردەست، ئەمەش وەڵامدانەوەی خێراتر بۆ داواکارییەکانی بازاڕ دەگرێتەوە.
ژێرخانی زیرەک: سیستمە نوێیەکە پشت بە ژێرخانی Cloud-native و یەکەی زیرەک بۆ شیکردنەوەی داتا دەبەستێت.
دیدگای تەواو بۆ بەڕێوەبردنی خزمەتگوزاری: سیستمەکە زانیارییەکانی پسووڵە، گواستنەوە، بەڕێوەبردنی پەیوەندیی بەشداربووان و بەشەکانی دیکە لە یەک سیستمدا کۆدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ