رووداو دیجیتاڵ
سوپای ئیسرائیل دەڵێت، مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستەی فڕۆکەخانەیەکی وڵاتەکەیان کرابوو. حووسییەکان بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەیان گرتە ئەستۆ.
رۆژی یەکشەممە 23-03-2025، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "دوای ئەوەی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی ئیسرائیل لێدران، مووشەکێک کە لە یەمەنەوە ئاراستەکرابوو، پێش ئەوەی بگاتە نێو خاکی ئیسرائیل لەلایەن هێزەکانی ئاسمانییەوە خرایە خوارەوە."
دوای راگەیێنراوەکە، یەحیا سەریع، گوتەبێژی باڵی چەکداریی حووسییەکان رایگەیاند، گرووپەکەیان فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان لە نزیک تەلئەڤیڤ، "بە مووشەکی دەنگبڕی بالیستیی فەلەستین دوو" کردە ئامانج.
سەریع گوتیشی، بزووتنەوەکەیان هێرشیان کردووەتەسەر کەشتیی فڕۆکەهەڵگری هاری تروومانی ئەمریکی.
ئەم بەرپەچدانەوەیەی ئیسرائیل بەشێکە لەو گرژییەی لە نێوان ئیسرائیل و حووسییەکان دروستبووە، ئەمەش دوای ئەم هەفتەیە بزووتنەوە یەمەنییەکە، کە ئێران پاڵپشتیی دەکات، زنجیرەیەک مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد.
دوای ئەوەی رۆژی 18ـی ئەم مانگە ئیسرائیل ئاگربەستی غەززەی شکاند و دەستی بە هێرشە ئاسمانی و زەوینییەکانی کردەوە، حووسییەکان لە وەڵامدا هەڕەشەیانکرد ئەوانیش هێرشەکانیان زیاد بکەن.
درەنگی شەوی دوێنێ هەینی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، مووشەکێکیان خستووەتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە ئاراستەکرابوو، حووسییەکانیش رایانگەیاند، لە دوو رۆژدا سێ جار بە مووشەکی بالیستیی فڕۆکەخانەی بن گۆریۆنیان کردووەتە ئامانج.
حووسییەکان رایانگەیاند، ئاسمانی ئیسرائیلی "سەلامەت نابێت، تاوەکو ئەو دووژمنکارییەی دژ بە غەززە نەوەستێت."
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکان رایگەیاند: "ئەمریکای دووژمن بە سێ هێرش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی حودەیدەی کردە ئامانج."
هەفتەی رابردوو ئەمریکا هێرشی زۆر تووند و قورسی کردە سەر ئەو ناوچانەی یەمەن کە لە ژێر دەستی حووسییەکاندان. شەممەی رابردوو، بە هۆی ئەو هێرشانەوە 53 کەس کوژران 98ی دیکە برینداربوون.
چوارشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گوتی: "حووسییەکان بەتەواوی لەنێو دەبرێن،" هۆشداریشی دا تاران کە ئیدی پشتیوانیی ئەو گرووپە نەکات.
حووسییەکان لە 19ی کانوونی دووەمەوە لەگەڵ دەستپێکردنی ئاگربەستی غەززە، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییەکان لە دەریای سوور و ناوچەکە وەستاندبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ