رووداو دیجیتاڵ
گەنجێک لە سنووری هەولێر بۆ دەستکەوتنی نان بۆ خوشک و دوو براکەی لەنێو زبڵدان دەگەڕێت و تاوەکو ئەگەر پارچە پلاستیک یان ئاسنێکی دەستبکەوێت و بیفرۆشێتەوە.
عەباس سەباح گەنجێکی 22 ساڵە دۆخی سەختیی ژیان ناچاری کردووە لەنێو پاشماوەی کەسانی دیکە بەدوای نانی رۆژانەدا بگەڕێت.
ئەو گەنجە خەڵکی کەرکووکە و لە هەولێر دەژی، باسی دۆخی خۆیانی بۆ رووداو کرد و گوتی: "قوتوو، پارچە ئاسن و فافۆن بە کیلۆ دەفرۆشمەوە بە نرخی شەش بۆ هەشت هەزار. سێ هەتیو لە سەر شانم بێت، کرێچی و پارەی مۆلیدە و ئەوە مافورم نییە، هیچم لە ماڵ نییە. کە ئەم برایەم خۆی ئامادە کرد لەگەڵ خۆم برد و بزمار چووە قاچی توانام نەبوو بیبەمە نەخۆشخانە. ئەو برایەشم کەمخوێنە هەرکە هەڵیستێنم بەردەبێتەوە، توانام نەبووە بیبەمە لای پزیشک. خوشکم گریاوە لەسەر سفرە."
خێزانەکە لە ناحیەی بەحرکە کرێچین، بەم مانگی رەمەزانە بە ئەستەم نان و خۆراکیان دەستدەکەوێت. عەباس سەباح ناچارە بۆ بەخێوکردنیان لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەم رۆژانە پلاستیک و پارچە ئاسن کۆبکاتەوە و بیانفرۆشێت.
عەباس سەباح دەڵێت، باوکی 8 ساڵە بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە و دایکیشی کە عەرەب بووە دوای رووداوەکە بەجێیانی هێشتووە.
بوشرا خوشکی عەباسە، تاقانەی ماڵە رۆژانە هیچی دەست ناکەوێ کە بۆ براکانی ئامادەی بکات و دەڵێت، دراوسێکان هەندێک جار خواردنیان بۆ دەبەن ئەگەرنا ناچارن دیسان پارە قەرز بکەنەوە.
بوشرا سەباح چیرۆکەکەیان دەگێڕێتەوە: "براکەم بەزۆر کار دەکات. خێرخواز یارمەتیمان دەدەن. ئەوەتا حاڵی ماڵمان، مافورمان نییە. براکەم نەخۆشە. پێویستیمان بەو خوشک و برا موسڵمانانە هەیە، ئێمە لەم دۆخە رزگار بکەن. ئەگەر براکەم بە قەرز خواردنمان بۆ نەهێنی حاڵمان بەمجۆرەیە."
ئەوەی کە عەباس لە فرۆشتنی پاشماوەی زبڵ دەستی دەکەوێت نەک تەنیا بەشی کرێی خانوو و کارەبا ناکات، بەڵکو بۆ ژەمێکیش دەبێت چاویان لە دەستی دراوسێ و خێرخوازان بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ