لە رۆژهەڵاتی کوردستان رێگە لە بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی نەورۆز دەگیرێت

23-03-2025
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوانیوەڕۆی یەکشەممە، لە گوندی نێی مەریوان، ئاهەنگێک بە بۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی بەڕێوەچوو، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا تەواو بکرێت و خەڵک لە دەرەوەی گوندەکەوە بەشداری لە ئاهەنگەکەدا بکەن.
 
سەرەڕای ئەو رێگرییە، لە گۆڕەپانی سەرەکیی گوندی نێ، ئاگری نەورۆز کرایەوە و هاونیشتمانییان بەبۆنەی نوێبوونەوەی ساڵ و نەورۆز ئاهەنگیان گێڕا.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە گوندی نێی مەریوانەوە بە تۆڕی میدیایی رووداو گەیشتووە، لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە هێزە ئەمنییەکان و پۆلیس تەواوی رێگەکانی چوون بۆ ئەو گوندەیان داخستووە و رێگەیان نەداوە هاونیشتمانییان لە دەرەوەی گوندەکەوە بەشداری لە ئاهەنگەکەدا بکەن. 
 
هاوکات لە گوندی ملقەرەنی سەقز رێگە نەدرا ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەبچێت و رێگەکانی چوون بۆ گوندەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە داخران.
 
بڕیارە سبەی دووشەممە لە ژمارەیەک گوند و شاری رۆژهەڵاتی کوردستان ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەبچێت. رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان رایانگەیاندووە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران گوشاریان خستووەتە سەر ئەو کەسانەی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی رێوڕەسمەکان دەکەن و دەیانەوێت هەڵبوەشێندرێنەوە. ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە، پێنج کەس لە دانیشتووانی گوندی سلێن لە ناوچەی هەورامان بانگکراونەتە ئیتلاعاتی سەوڵاوا و پێیان راگەیێندراوە دەبێ ئەو ئاهەنگە هەڵبوەشێننەوە کە بڕیارە سبەی لە گوندەکە بەڕێوەبچێت. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە