خێزانێکی عەفرینی لە هەولێر منداڵێکی نەخۆشیان هەیە و هەشت مانگە بێ ماڵن

23-03-2024
هەڵەبجە سەعدوون
خێزانێکی عەفرینی لە هەولێر پێویستییان بە هاوکاریی هەیە.
خێزانێکی عەفرینی لە هەولێر پێویستییان بە هاوکاریی هەیە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

خێزانێکی رۆژئاوای کوردستان کە لە ساڵی 2018 بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە ماڵەکەیان لەدەستداوە، روویان لە هەولێر کردووە. خێزانەکە کە کچێکی نەخۆشیشیان هەیە، هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان نییە و هیچ شوێنێکیشیان نییە تێیدا بژین. 
 
هەشت مانگە ئەم ماڵباتە بەدوای شوێنێک بۆ حەوانەوە دەگەڕێن. نزیکەی پێنج ساڵە ئەم ماڵباتە عەفرینییە لە هەولێر دەژین. باوکیان بەرگدوورە، بەڵام هەشت مانگ دەبێت کارەکەی وەستاوە. بۆیە هەر هەفتەو لە شوێنێک دەمێننەوە. 
 
خالید عەبدوڵلا پەنابەرە و دەڵێت، هەر جارە و لە ماڵی خزمێکیان دەمێنێتەوە، "هەفتەیەک لێرە، دە رۆژ لەوێ و دە رۆژی دیکە لە شوێنێکی دیکەم. هیچ خانووێکمان دەستناکەوێت. جارێک لێرە و جارێک لەوێین. ئەگەر ئیش و کار هەبێت، دەچم، بەڵام کوا ئیش، هەشت مانگە کار وەستاوە." 
 
سەدیقە عەبدولرەحمان، هاوژینی خالیدە و دەڵێت: "ئێمە شتەکان بە قەرز لە دووکان دەهێنین و دەخۆین. هەندێ جار لە ناسیاوەکانمان قەرز دەکەین و ژیان بەڕێدەکەین. نزیکەی 600 دۆلار قەرزمان لەسەر کۆبووەتەوە." 
 
ئەوەی باری سەر شانیان گرانتر کردووە، سیهامی کچە حەوت ساڵانەکەیانە، پێش سێ ساڵ تووشی نەخۆشیی پوولەکە ماسی بووە کە نەخۆشییەکە پێویستی بە چارەسەریی بەردەوام هەیە.
 
دایکی سیهام دەڵێت، "ماوەی دوو سێ ساڵە سیهام تووش بووە، لەشی وشک دەبێتەوە، چووینە لای دکتۆر، گوتیان نەخۆشیی پوولەکە ماسییە و چارەسەری نییە، تەنیا ئەوەیە کرێمی لێدەدەین بۆ ئەوەی نەرم ببێت، وشک نەبێت و نەخوڕێت. نەخۆشییەکە بە سەریشیدا بڵاوبووەتەوە و تەواوی لەشی گرتووەتەوە. تەنیا ئەوەیە دەموچاوی نەگرتووەتەوە."
 
هەروەها بەهۆی دۆخی خراپی داراییان، ئەم ساڵ سیهام نەیتوانیوە بچێتە قوتابخانە. 
 
دایکی دەڵێت، "سیهام حەزدەکات بچێتە قوتابخانە، بەڵام ئیش و کار نییە، قوتابخانەش خەرجییەکی زۆری دەوێت، هاتووچۆیە، پێنووس و تێنووسە، شتەکان زۆرن." 
 
چەند جارێک ماڵباتەکە روویان لە نووسینگەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران کردووە بۆ وەرگرتنی شوێنێک لەنێو کەمپەکاندا. بەڵام هەموو جارێک داواکەیان رەتکراوەتەوە. 
 
سەدیقە دەڵێت، "هەر ئەوەندە دەمانەوێت شوێنێک هەبێت تێیدا بژین." خالیدیش دەڵێت، "داوای شوێنمان لە کەمپی قۆشتەپە  کرد، بەڵام داواکەمان رەتکرایەوە. فۆرمی هەولێریش بەڕێناکرێت. چوومە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر. بەڵام هەموو شتێکیان رەتکردەوە." 
 
لە ساڵی 2018 و بەهۆی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن چەکدارەکانی سەر بە تورکیاوە خێزانەکە ماڵەکەیان لەدەستدا و ئێستاش بێ ماڵن؛ نە دەتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکەیان و، نە لێرەش دەتوانن ماڵێک ئاوا بکەن.  
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.